Ozhin Jola
03 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2021
کەرکووک – AA
بەڕێوبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، دکتۆر نەبیل حەمدی رایگەیاند کە لەئێستادا، ژمارەیەک کارمەندی تەندروستیی کەرکووک خولی تایبەتیان بۆکراوەتەوە بە ئامانجی فێربوونی چۆنیەتی بەکارھێنانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا و پێنج شوێنی تایبەتیش بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە کەرکووک ئامادەکراوە.
دکتۆر نەبیل حەمدی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێژەی تووشبوونی ھاووڵاتییان بەڤایرۆسی کۆرۆنا بەراورد بەچەند مانگی رابردوو بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە ٥٠٠ تووشبووی رۆژانەی کۆڕۆناوە گەیشتوینەتە قۆناغی کەمتر لە ٥٠ تووشبوو لە رۆژێکدا، ئەویش بەھۆی بوونی ژێرخانی باش لە تەندروستی کەرکووک و بوونی کەرەستە و پێداویستی پزیشکیی".
دکتۆر نەبیل حەمدی گوتیشی: "کەمبوونەوەی رێژەی تووشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکووک ھۆکارەکەی بۆ پابەندبوونی ھاووڵاتییان بە کەرەنتیکردن دەگەڕێتەوە و ئەویش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ دۆخی تەندروستیی لە شارەکە".
بەڕێوبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ گەیشتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە راوێژکارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ھەماھەنگیدان لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانی بۆ دابینکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بۆ ھەموو عێراق و گوتی:
"پێنج شوێنی تایبەت دیاریی دەکەین بۆ بەکارھێنانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا و میکانیزم و دابەشکردنی بەسەر کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی ھێزە ئەمنییەکان".
دکتۆر نەبیل حەمدی باسی لەوەیشکرد کە کە لەئێستادا، ژمارەیەک کارمەندی تەندروستیی کەرکووک خولی تایبەتیان بۆکراوەتەوە بە ئامانجی فێربوونی چۆنیەتی بەکارھێنانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا.