لەندەن
شەوی رابردوو سێشەممە چەندین یاری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرێوەچوو، یەکێک لەو یارییانە رووبەڕووبوونەوەی ھەردوو یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی و مارسیلیای فەرەنسی بوو. یارییەکە لە یاریگای ئیماراتسی ئینگلیزی بەڕێوەچوو.
یاریزانی ئینگلیزی و یانەی ئارسنال ویڵشەر لە ٣٠یەمین چرکەی یارییەکەدا توانی گۆڵ تۆماربکات، بەو جۆرە ژمارەی پێوانەیی خێراترین گۆڵی ئینگلیزییەکانی لە وایان رۆنی وەرگرت. رۆنی لەساڵی ٢٠١٠ لە چرکەی ٦٥دا گۆڵی لە یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی تۆمارکردبوو و ئەو ژمارە پێوانەییەی داگیرکردبوو.
دوای ئەوەی ئەنجامی یارییەکە ١-٠ بوو بۆ یانەی ئارسناڵ. لە دەقیقەی حەوتی یارییەکەدا ئارسناڵ زۆر نزیکبوو لە تۆمارکردنی گۆڵی دووەم، بەڵام گۆڵچی یانەی مارسیلیا توانی یانەکەی لەو گۆڵە رزگاربکا.
یانەی ئارسناڵ توانیبووی کۆنترۆڵی یارییەکە بکات و چەند جارێک لە گۆڵکردن نزیکبێتەوە. ھەروەھا دوو ھەڵەی ھێڵی بەرگریی یانە ئینگلیزییەکە مەترسیی لەسەر گۆڵەکەیان دروستکرد، بەڵام نەبوو بە گۆڵ.
دوای ئەوەی یاریزان رامسی لە دەقیقەی ٣٧ بەسەرکەوتوویی چووە ژوورەوەی ھێڵی سزای یانە فەرەنسییەکە، لەلایەن یاریزانی ھێڵی بەرگری مارسیلیا نیکۆلۆ لێیدراو ناوبژیوانی ئیسپانی لاھۆز لێدانی سزای بۆ یانەی ئارسناڵ ھەژمارکرد. یاریزان مەسعود ئۆزێل لێدانەکەی جێبەجێکرد کەچی سەرکەوتوو نەبوو و نەیتوانی گۆڵی دووەم بۆ یانەکەی تۆماربکات.
تەنیا دوو دەقیقە دوای لێدانی سزاکە، لێدانێکی راستەوخۆی نزیک لەلایەن رامسییەوە جێبەجێکرا، بەڵام ئەویش بێھودە بوو.
گێمی یەکەم بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندیی ئارسناڵ تەواوبوو.
لە دەقیقەی ٥٦دا یاریزان مەسعود ئۆزێل لە ھەلێکی زێڕینی گۆڵ تۆمارکردندا بەرامبەر گۆڵچی یانەی مارسیلیا مایەوە کەچی دیسانەوە نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات، گۆڵچی سەرکەوتوو بوو لە رزگارکردنی تیپەکەی لە دووەم گۆڵ.
لە دەقیقەی ٦٥دا بە پاسێکی جوانی یاریزان مەسعود ئۆزێل، ویڵشەری خاوەن گۆڵی یەکەم توانی بەشێوازێکی جوان تۆپەکە ئاراستەی گۆڵی مارسیلیا بکات و گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمار بکات.
سەرباری ئەوەی دوو گۆڵی لێ تۆمارکرابوو. بەڵام گۆڵچی یانەی مارسیلیا ئاستێکی باشی پیشانداو توانی یانەکەی لە چەند گۆڵێکی مسۆگەر رزگار بکات.
دوای ئەوەی یاریزانانی ئارسناڵ سەرکەوتوو نەبوون لە چەندین ھەلی گۆڵ تۆمارکردن، یارییەکە بە ئەنجامی ٢-٠ لە بەرژەوەندیی یانەی ئارسناڵ بەکۆتاییھات.