Mazın Asad
28 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2017
گوتەبێژی پنتاگۆن، عەقید جێڤ داڤیس ئاماژەی بەوە دا کە داواکاریی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە پنتاگۆن بۆ خێراکردنی پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەمڕۆ یەکەم شێوازی پلانەکە پێشکەش بە کۆشکی سپی کرا و راشیگەیاند لەوبارەیەوە وەزیری بەرگری ئەمریکا جیم ماتیس زانیاری بە بەرپرسانی کۆشکی سپی دەدات.
داڤیس لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند کە پلانەکە کارێکی سەرەتاییە و وردەکاریی زیاتری لەبارەی پلانەکە نەدرکاند.
گوتەبێژی پنتاگۆن روونی کردەوە کە شێوازی یەکەمی پلانی سەرکەوتن بەسەر داعش لەسەر رێنمایی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ تەواو بووە و گوتیشی: "ھەروەک پێشتر، دەمەوێت جەخت لەسەر سێ شت بکەمەوە. یەکەمیان پلانەکە کارێکی سەرەتاییە و سەرۆکایەتی رێنمایی داوە و چوارچێوەیەکە بۆ پلانێکی بەرفراوان. دووەمیان ئەمە تەنھا پلانێکی سەربازیی نییە، بەڵکو لە ھەمان کاتدا پلانێکی دیپلۆماسی، دارایی، ھەواڵگری و سایبەر و دیپلۆماسی حکوومییە کە پەیوەندی بە گشت ھێزی لایەنەکان ھەیە و بەھاوبەشی لە لایەن گشت دەزگاکان ئامادە کراوە. سێیەمیان بەڕاستی ئەم پلانە تەنھا بە سووریا و عێراق پەیوەست نییە، بەڵکو لە ھەمان کاتدا پلانێکی نێوان ناوچەکانە و پەیوەندی بە سەرکەوتنە بەسەر داعش لە سەرانسەری جیھاندا هەیە".
داڤیس ئاماژەی بەوەش دا کە پلانەکە پێشکەش بە کۆشکی سپی کراوە و راشیگەیاند وەزیری بەرگری ئەمریکا ماتیس لەبارەی راپۆرتی پلانەکە زانیاری پێشکەش بە کۆمیتەی پرەنسیبەکانی کۆشکی سپی دەدات کە تێدا ترەمپ بەشدار نابێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە وردەکاریی پلانەکە دواتر بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
-تورکیا و رووسیا لە پلانەکەدا ھەن
گوتەبێژی کۆشکی سپی لە دریژەدا جەختی لەوە کردەوە کە پلانەکە بە نھێنی دەمێنێتەوە و ئاشکراشی کرد تورکیا و رووسیا کە رۆڵێکی گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا ھەیە، بەشێکی گرنگی پلانەکە پێک دەھێنن.
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا لە پلانەکەدا نەخشە رێگەیەک بۆ رزگارکردنی رەققە لەدەست داعش دیاری دەکات، داڤیس لەوبارەیەوە رایگەیاند کە هیچ بڕیارێک لەبارەی رەققە نەدراوە