Ramal Mahmood
28 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2017
هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد دەیانەوێت بەدروستکردنی ناوچەی ئارام لە باشووری ئەلباب کە لەمیانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا ئازاد کراوە، ئاستەنگ لە بەردەم پێشڕەوییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی داعش دروست بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، سوپای ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکانی لایەنگری رژێم لە ماوەی ئەم هەفتەیەی دوایدا بەردەوام بوون لە پێشڕەوییەکانیان بەرەو باشووری شارۆچکەی ئەلباب کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی حەلەب و ٢٢ یەکەی نیشتەجێبوون و ناوچەی تادیف-یان لە دەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەرهێناوە. چەکدارانی داعش لە دژی رژێم بەرگرییەکی ئەوتۆیان نەکردووە.
لە ئاکامی پێشڕەوییەکان هێزەکانی رژێم و ئەو گرووپانەی کە ئێران پشتگیرییان دەکات گەیشتوونەتە شارۆچکەی منبج کە لە ژێر کۆنترۆڵی پەیەدە/پەکەکە-دایە.
بەمجۆرە هێزەکانی رژێم لە باشووری ئەلباب جێگیر بوون کە ئەم شارۆچکەیە لەلایەن سوپای سووریای ئازاد بەپشتیوانی سوپای تورکیا کۆنتڕۆڵکراوە، بەم جۆرە رێگای ئەو راڕەوە گیرا کە ئەلباب بەڕەققە دەبەستێتەوە.
هێزەکانی رژێم بۆ ئاستەنگ خستنە بەردەم پێشڕەوییەکانی سوپای سووریای ئازاد لەگەڵ داعش ناوچەیەکی ئارامی دروستکردووە.
تورکیا داوای کردبوو لەمیانی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی داعش بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی رەققەدا بکات.
تورکیا لەلایەکەوە گوشار دەخاتە سەر ئەمریکا لەبارەی بردنە سەری بەڵێنی جێهێشتی منبج لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/پەکەکە.
لەدوای پێشهاتەکانی ئەم دواییە ئەگەری ئەوە بەهێزتر بوو کە ئاماژەیان بەوە دەدا هێزەکانی رژێم و داعش لە جەنگی ناوخۆییدا هەماهەنگییەکی پتەویان بەیەکەوە هەیە.