Hemn Baban
16 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2018
ھەولێر - AA
بەرپرسی کەمپەکانی حەسەن شام و خازر لە دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت "رۆژانە ٣٠ تا ٤٠ خێزان لە مووسڵ و دەورووبەرییەوە بۆ ناو کەمپەکان دەگەڕێنەوە".
ھێشتا ئەو کەمپانەی رۆژانێکی زۆر بۆ ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا لانکە بوون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە جمەیان دێت لە ئاوارە، سەرباری ئەوەی پێش زیاتر لە ١٨٥ رۆژ لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لەناو شاری مووسڵەوە لە ١٠ی تەمووزی رابردوو رزگارکردنی شارەکە و تەواوی پارێزگای نەینەوای راگەیاند کە چەکدارانی داعش لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ ئەو شارە و یەک لەسەر سێی عێراقییان کۆنتڕۆڵ کرد و مووسڵیشیان وەکو پایتەختی خەلافەتەکەیان ناوزەند کرد.
لە کەمپەکانی نزیک لە حەسەن شام کە لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بۆ ئەو خێزانانە دروستکران کە لە دەستی داعش ھەڵاتن و دواتر ئەوانەشی لەخۆگرت کە بە ھۆی شەڕ و ھێرشەکانی سوپا و ھێزەکانی عێراق بۆ لێسەندنەوەی پارێزگاکە لە چەکدارانی داعش ھەڵاتبوون ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئاوارەیەکی زۆری لەخۆگرتووە و ئامادەنیین بچنەوە شوێنەکانی خۆیان.
لەنێو کەمپەکەدا ھاموشۆی ئاوارەکان ھیچ شتێکی ئەوتۆی لێ نەگۆڕاوە، ئەوانەشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەیان دەکرد لەوانە بوون کە ماڵیان دەکەوێتە بەری راستی مووسڵ کە زۆرینەن و بە ھۆی تەخت بوونی خانووەکانییانەوە لەگەڵ زەوی یان نەشیاوی بۆ ژیان و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە ناگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەرپرسی کەمپەکانی حەسەن شام و خازر لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، رەشید دەرویش لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "پێشتر کە شەڕی داعش بوو و خەڵک ھەڵدەھات و کەمپەکان پڕ بووبوون لە ئاوارەکان بەتایبەت ئەوانەی پارێزگای نەینەوا ئەم ناوچەیە کە خازرە پێنج کەمپی لێ بوو ئەوانیش کەمپەکانی خازرM ١ ، یو ٢، یو ٣، حەسەن شام، چەمەکۆر، سێڤدینان، بەڵام دوای ئەوەی مووسڵ و دەورووبەری رزگارکران بەشێکی زۆری خەڵکە ئاوارەکە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و ناچاربووین کە ژمارەی کەمپەکان کەم بکەینەوە و رێکیان بخەینەوە، ئەوەبوو لە پێنج کەمپەوە ژمارەکەمان بۆ سێ کەمپ بۆ ئاوارەکان کەم کردەوە و ئێستا لەو سێ کەمپە نزیکەی حەوت ھەزار خێزان دەژیین لەکاتێکدا پێشتر لەو پێنج کەمپە ١٧ ھەزار خێزان دەژییان و نیشتەجێ بووبوون".
ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە ھاموشۆی ئاوارەکان لە مووسڵەوە بۆ کەمپەکانی ئەوان و بە پێچەوانەشەوە روونی دەکاتەوە "گەڕانەوەی خەڵک لەم کەمپانەی ئێمەوە بۆ ناوچەکانی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا بە شێوەیەکی گشتی زۆر کەمە لە ئێستادا، بە پێچەوانەشەوە بگرە ئێستا ھاتنەوە زۆر بووە، واتە خێزانەکان بەزۆری دەگەڕێنەوە بۆ کەمپەکانی ئێمە، ئێستا رۆژانە ٣٠ تا ٤٠ خێزان لە مووسڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ کەمپەکان و ھۆکاری سەرەکی بۆ گەڕانەوەی ئەوان بە پێی قسەی خۆیان شەڕ و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایشە، ھەروەھا دەڵێن ترسی شەڕی مەزھەبییان ھەیە و لە منداڵەکانی خۆیان دەترسن، بەشێکیشیان بە ھۆی بێ کاری و نەبوونی ھیچ خزمەتگوزارییەک دەگەڕێنەوە".
ھەروەھا باسی لەوەشکرد کە دەزگاکەی ئەوان وەکو سەرەتا خزمەتی ئاوارەکان دەکەن و زۆر شتیان بۆ دابینکردوون و بەردەوامیشن، ھێشتا ئەو ئاوارنەی دێن خێوەت و ھەموو پێویستییەکانیان دەدەنێ، لەگەڵ ئەوەشدا باسی لەوە کرد بە ھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستانەوە یارمەتییەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتی و بیانییەکان تەواو لە کەمی داوە و ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی ئاوارەکان ھەبووە، ئێستا پتر پشت بە یارمەتیی رێکخراوە ناوخۆییەکان دەبەستن.
رەشید دەروێش لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی ئێمەدا ماون زۆرینەیان خانوویان رووخاوە یان شوێنییان تێکچوون و وێران بووە، بە گشتیش کەمپی خازر نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ خێزان، یو٢ هەزار خێزان، کەمپی حەسەن شامیش هەزار و٥٠٠ خێزان بە ھەمووی دەکاتە حەوت ھەزار خێزان کە ٢١ ھەزار کەس دەبن".
بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو سوننەکانی عێراق دوودڵ و پەرتەوازەن لەبارەی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقەوە کە بڕیارە لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت و پەرتەوازەیی خەڵکی نیشتەجێی ئەو پارێزگایانەی پێشتر داعش کۆنتڕۆڵی کردبوون کە زۆرینەیان لە سوننە مەزھەبەکانن وایکردووە سەرکردە سوننەکان ھێشتا تەواو بە ھەڵبژاردن قایل نەبن، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەڵێنی داوە لەو چەند مانگەی لەبەردەمیاندا ماوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکوومەتی عێراق بە گشتی نزیک بە ٨٥ لەسەدی ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
بەرپرسەکەی دەزگای خێرخوازی بارزانی باس لەوە دەکات حکوومەتی عێراق فشار دەخاتە سەر ئاوارەکان تا بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و ئەو دەڵێت ئابڵوقەی داون و ھەڕەشەی بڕینی مووچەکانییان و لێسەندنەوەی خانوو و زەوییەکانییان دەکات.
لەناو کەمپی حەسەن شام ھیچ جموجۆڵێکی ئەوتۆی پەیوەست بە چوونەوە یان ھاتنی ئاوارەکان بەدی نەکرا بە کەمی نەبێت، بەڵام گەرموگوڕی و جوڵەیەکی زۆر باڵی بەسەر کەمپەکەدا کێشاوە کە لەبەردەم سەرمای زستاندا پێناچێت ئاوارەکان بە ئاسانی گەرمییان ببێتەوە.