Zana Natık Kerem
11 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2017
نەینەوا ــ AA
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا لە بەیاننامەیەكدا ئاماری شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێی شارەكەی بڵاو كردەوە كە بەپێی ئامارەكە هێزەكانی عێراق، ١٩٣ تیرۆریستیان كوشتووە و ژمارەیەك گەڕەك و فەرمانگەی حكوومیان كۆنتڕۆڵكردووەتەوە.
عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا ئاماژەی بەوە داوە كە لە میانی شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێدا، هێزەكانی عێراق توانیویانە گەڕەكی سوكەر رۆژهەڵات وبەشێك لە گەڕەكی ٧ی نیسان باكوور، گەڕەكی ئەفسەران باشوور لەگەڵ فەرمانگەكانی پۆستە و گەیاندن، دەستەی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەرایەتی كارەبا و بارەگای ئاسایشی ناوخۆی نەینەوا لە رۆژهەڵاتی مووسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ روونیشیكردووەتەوە كە هەر لە میانی شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێ، هێزەكانی عێراق، ١٩٣ تیرۆریستیان كوشتووە و ١٠ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوشیان تەقاندووەتەوە.
لای خۆیەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، عەمید یەحیا رەسول رایگەیاند كە دوێنێ هێزەكانی ئەمنی عێراق سەركەوتنی گەورەیان دژبە داعش لە رۆژهەڵاتی مووسڵ بەدەستهێناوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو یەحیا رەسول گوتی: "هێزەكانی ئەمنی لەسەرجەم میحوەرەكانەوە لە پێشڕەویی دان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان بەردەوامن بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی بەشی چەپی مووسڵ و هاوكات بۆردومانە ئاسمانییەكانیش بۆ سەر شوێن و ئامانجەكانی داعش لە رۆژئاوای شارەكە بەردەوامە".
یەحیا رەسول هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنەوەی سەرجەم گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی شارەكە، كۆتایی پێ دێت".