Sayed Khodaiberdi Sadat
16 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2021
کابول - AA
لە ئەفغانستان دەرکردنی پاسپۆرت کە لەلایەن ئیدارەی تاڵیبانەوە لە حەوتی تشرینی یەکەمی رابردووەوە دەستی پێ کرد لە کابولی پایتەخت ھەڵپەسێردرا.
بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرت، عالەم گوڵ حەققانی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوە کرد کە بەھۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە دابەشکردنی پاسپۆرتیان راگرتووە.
عالەم گوڵ حەققانی ئەوەشی راگەیاند کە دوای تێپەراندنی کێشەکە سەرلەنوێ دەست بە دابەشکردنی پاسپۆرت دەکەنەوە و ئاشکرای کرد کە ئامێری نوێ بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆرتی کابول دابین دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرت، عالەم گوڵ حەققانی ئەوەی خستەڕوو کە تەنھا لە کابول دابەشکردنی پاسپۆرت راگیراوە و دابەشکردن لە شەش ویلایەتەکەی دیکە بەردەوامە.
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە رۆژانە نزیکەی ٢٠ ھەزار کەس داوکاری بەدەستھێنانی پاسپۆرت پێشکەش دەکەن و گوتی: "بەڵام ئێمە رۆژانە توانای دەرھێنانی سێ ھەزار پاسپۆرتمان ھەیە".
ئیدارەی تاڵیبان پاسپۆرتی تەنھا بەو کەسانە دەدا کە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە فۆرمی داواکردنیان پێشکەش کردووە و ئەو نەخۆشانەی کە لە ئەفغانستان چارەسەریان نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆرت، بۆ ماوەیەک لە دوای گرتنی جلەوەی دەسەڵات ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە داخرابوو و لە حەوتی تشرینی یەکەمی رابردوو دووبارەکرایەوە.