Kasım İleri,Mohammed Baqi Hussein
03 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمریكا، جۆزێف دەنفۆرد لەبارەی مشتومڕەكانی توركیا و ئەمریكا لەسەر سیستمی بەرگریی مووشەكیی S-400 و فڕۆكەی جۆری F-35 گوتی: "هەوڵ بۆ پێشڕەوی دەدەین و ئومێدەوارم لەگەڵ توركیا بگەینە رێككەوتنێك. لەبەرئەوە ئەسڵی كارەكە ئەوەیە كە هێشتا دەستبەرداری نەبووین".
دەنفۆرد لە پنتاگۆن لەگەڵ وەزیری بەرگریی كۆریای باشوور، جیۆنگ كیۆنگ-دوو كۆبووەوە.
دەنفۆرد لێرەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی كڕینی سیستمی بەرگریی مووشەكیی S-400 لە لایەن توركیاوە گوتی: "لەوبارەوە هێشتا دەستبەرداری دۆزینەوەی رێگاچارەیەك نەبووین".
ناوبراو وەبیریهێنایەوە كە پێشنیازی پاتریۆت-یان خستووەتە بەردەم توركیا و گوتی:
"وەك دەزانن بابەتی سیستمی بەرگریی مووشەكیی S-400 و فڕۆكەی جۆری F-35 بابەتێكی تابڵێی ئاڵۆزە. بەڕوونی ئاماژەمان بەوە داوە كە ئەمانە سیستمی گونجاو نین پێكەوە، بەڵام هێشتا هەوڵ بۆ پێشڕەوی دەدەین و ئومێدەوارم لەگەڵ توركیا بگەینە رێككەوتنێك. لەبەرئەوە ئەسڵی كارەكە ئەوەیە كە هێشتا دەستبەرداری نەبووین".