Mazın Asad
23 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2016
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لەبارەی ئاگربەستی سووریاوه، ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد پێداگریی خۆیان نیشان نەدەن، ئەوە مەودایەک لەوبارەیەوە نابڕن و گوتی: "ئەگەر رێککەوتنێک بوونی نەبێت، ناتوانین بە جیھان بڵێین رێککەوتن لهئارادایه. بە ھەمان شێوە ئەگەر ئاگربەستێک بوونی نەبێت، ناتوانین بە جیھان بڵێن ئاگربەست ھەیە".
جۆن کیری دوای بەشداریکردنی لەکۆبوونەوەی گرووپی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی لهسووریا، لە نیویۆرک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد و دوایین رەوشی سووریای ھەڵسەنگاند.
کیری ئاماژەی بەوەدا لە ١٩ی ئەم مانگەوه بەشێوەیەکی دڕندانە ھێرشکرایە سەرکاروانی ھاوکارییه مرۆییهکان لە حەلەب و رایگهیاند: "تهنها ئێمه ناتوانین دەرگاکە بەکراوەیی جێبھێلین. پێویستە رووسیا و رژێمی سووریا ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن، بهپێچهوانهوه ھیچ چانسێک (بۆ ئاگربەست) نابێت".
وهزیری دهرهوهی ئهمریکا روونیشی کردەوە درێژەدان بەئاگربەست لە سووریا لە سەرەتاوە پەیوەست بووە بە رووسیاوه و راشیگەیاند لە ھەلومەرجێکی وادا کە لایەنەکان لەسەر بەڵێنەکانیان نامێننەوە، ھەوڵەکان ھیچ سوودێکی نابێت.
جۆن کیری ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر ھێرشی ئاسمانیی لە ناوچەکە نەوەستێت، جدییبوونی رژێمی ئەسەد و رووسیا بۆ ئاگربەست دهرناکەوێت و گوتیشی: "ئەگەر کارێکی لەو جۆرە ئەنجامنەدرێت، ئەوە بەڵێنەکان و ئاشکراکردنی ئامانجەکان ھیچ مانایەکی نابێت. ئەگەر رێککەوتنێک بوونی نەبێت، ناتوانین بە جیھان بڵێین رێککەوتن ھەیە. بەھەمان شێوە ئەگەر ئاگربەستێک نەبێت، ناتوانین بە جیھان بڵێن ئاگربەست ھەیە. راستییهکه ئەوەیە: ئەگەر لایەنێک ھەوڵی دوورکەوتنەوە لە پشێوی نەدات، ئەوە ناتوانین قەیرانەکە چارەسەربکەین. ئەگەر رووسەکان بە پێشنیارێکی بونیاتنەرەوە بێن، گوێیستیان دەبین".
دوای روونکردنەوەکانی جۆن کیری، دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لهرێگەی تەلەکۆنفڕانسهوه، کۆبوونەوەیەکی ھەڵسەنگاندنیان لەبارەی سووریاوه ئەنجامدا.
یەکێک لەو بەرپرسانە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و رایگەیاند کۆبوونەوەی نێوان کیری و وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ، بەگرژیی بەڕێوەچووە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشدا لە پێناو دووبارە بەرقەراربوونی ئاشتی لە سووریا، پێویستە رووسیا پێشنیارێکی نوێ پێشکەشبکات و گوتی: "ئەگەر رووسیا پێشنیارێکی سەرنج راکێش پێشکەشبکات، ئەوە گوێبیستیان دەبین، بەڵام لەو ھەنگاوەدا دڵنیا نین لەوەی ئەوان رەچاوی رێگەیەکی لەوجۆرە دەکەن یان نا".