Safvan Allahverdi,Muhammet Ali Kemal
31 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2018
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ داوایکرد لە یەمەن پێکدادانەکان لە رێگەی سازانەوە کۆتاییان پێبهێنرێت و جەختی لەوەکردەوە کە کاتی باشکردنی دۆخەکە لە رێگەی ئاشتی و دووبارە بنیاتنانەوەوە هاتووە و بانگەوازی ئاگربەستی کرد.
لە راگەیەندراوێکدا مایک پۆمپیۆ داوایکرد پێکدادانەکانی یەمەن کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە درێژەیان هەیە کۆتاییان پێبهێنرێت و کۆبوونەوەکانی ئاشتی دەست پێ بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە "ئەمریکا داوا لە لایەنەکان دەکات پشتیوانیی لە نوێنەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن، مارتن گریفس بکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ پێکدادانەکانی یەمەن. کاتی ئەوە هاتووە هێرش و دوژمنکاریی مووشەکیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندایە بۆ سەر سعوودیە و ئیمارات، کۆتایی پێبهێنرێت".
هاوکات مایک پۆمپیۆ بە پێویستی زانیوە هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە بۆردومانکردنی سەرجەم ناوچە مەدەنینشینەکان لە یەمەن، رابگرن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها راشیگەیاندووە "پێویستە لەمانگی تشرینی دووەمدا کۆبوونەوە سەربەخۆکان لە وڵاتی سێیەم بە رابەرایەتی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەست پێ بکەن لە پێناو گرتنەبەری رێکاری متمانەبەخش بە مەبەستی تاوتوێکردنی کێشە سەرەکییەکانی شەڕو پێکدادانەکان، داماڵینی سنوورەکان لە سەرباز و لەناوبردنی سەرجەم چەکە قورسەکان لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتییدا".
مایک پۆمپیۆ تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کۆتاییهێنان بە دوژمنکارییەکان و دووبارە دەستکردن بە چارەسەری سیاسیی بە شێوەیەکی بەهێز قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکە دادەمرکێنێتەوە و رایگەیاندووە "ئیتر کاتییەتی پێکدادانەکان لە رێگەی سازانەوە کۆتاییان پێبهێنرێت و دۆخەکە لە رێگەی ئاشتی و دووبارە بنیاتبنرێتەوە".