Mohammed Baqi Hussein
15 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2016
قاهیره - AA
دادگای ته‌ممیزی میسر، سزای له‌سێداره‌دانی محەمەد مورسی سه‌ركۆماری پێشووی میسری هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی کە له سه‌رچاوه‌كانی دادوەری ئه‌و وڵاته وه‌رگیراوه، له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆدا دادگای ته‌ممیزی میسر به‌سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر، سه‌عید بهرگوس سزای له‌سێداره‌دانی مورسی و 26 تۆمه‌تباری دیكه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه له‌لایه‌ن دادگای قاهیره‌وه بۆیان ده‌ركرابوو.
راگه‌یه‌نرا کە مورسی و تۆمه‌تباره‌كانی دیكه له‌لایه‌ن دادگایه‌كی دیكه‌وه له‌سه‌ر هه‌مان دۆسیه دووباره دادگای ده‌كرێنه‌وه.
6ی حوزه‌یرانی 2015 دادگای قاهیره سزای له‌سێداره‌دانی بۆ شه‌ش كه‌س ده‌ركرد كه یه‌كێكیان مورسی بوو. له‌سه‌ر هه‌مان دۆسیه، سزای 25 ساڵ زیندانیی بۆ 21 تۆمه‌تباری دیكه ده‌ركرد.
سه‌ركۆماری پێشووی میسر، محەمەد مورسی كه به كوده‌تا له‌سه‌ر كار لادرا، له‌سه‌ر پێنج دۆسیه دادگایی ده‌كرێت. له‌پاڵ سزای له‌سێداره‌دان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی "هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر به‌ندیخانه‌كان"دا، سزای 25 ساڵ زیندانی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی "سیخوڕی"، 20 ساڵ زیندانی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی "رووداوه‌كانی كۆشكی ئیتیحادیه"، 40 ساڵ زیندانی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی "سیخوڕیكردن به‌ناوی قه‌ته‌ره‌وه" بۆ ده‌ركراوه و دادگاییكردنی ناوبراو له‌سه‌ر دۆسیه‌ی "سووكایه‌تیكردن به دادگا" به‌رده‌وامه.