نیویۆرک
رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ- ھیومان رایتس وۆچ رایگەیاند: دەیەوێ وەک چاودێر ئامادەی دادگاییکردنی سەرکۆماری لەکار لادراوی میسر بێ کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوە بچێ.
جۆ ستۆرک، جێگری رێکخەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای ئەو رێکخراوە بۆ AA گوتی: "بۆ ئەوەی بزانین دادگاییکردنەکە لە چوارچێوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندایە یا نا، دەمانەوێ وەک چاودێر ئامادەی دادگاییکردنی مورسی بین، بۆ ئەو مەبەستە داواکارییمان پێشکەش کردووە بەڵام ھێشتا وەڵاممان نەدراوەتەوە."
ستۆرک گوتی: "کودەتاگەرانی میسر بە سەدان خۆپیشاندەری مەدەنییان کوشتووە، نابێ کەس لە سەرەوەی یاسا بێ سەرکۆمارەکان و سەرکۆمارانی پێشوویش نابێ لە سەرووی یاساوە بن. ئێمە وەک رێکخراوی چاودێری کردنی مافی مرۆڤ، گومانمان لە سەر ئەو لێپرسین و لێکۆڵینەوانەدا ھەیە کە لە مانگی تەمووزەوە تا ئەمڕۆ لە لایەن سوپاوە ئەنجامدراون لە میسر."