لەندەن
نیکۆڵاس پیکاود، بەرپرسی بەشی باکووری ئەفریقا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند: مافی محەمەد مورسی یەکەمین سەرکۆماری میسر کە بە شێوازی دیموکراتیانە ھەڵبژێردراوە، پێشێلکراوە شێوازی دادگایی کردنیشی بە رەوا نازانن.
پیکاود، پەیوەست بە دەستپێکردنی دادگاییکردنی مورسی لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "بەر لە دەستپێکردنی پڕۆسەی دادگاییکردن و دوای پڕۆسەکەش ھەندێک ئاماژەمان بینی کە مایەی نیگەرانین. پرسەکە ئەوە نییە دادگا چۆن لەبەرامبەر مورسی ھەڵسوکەوتی کرد، بەڵکو ئەوەیە لە سێی تەممموز دوای ئەوەی مورسی لەسەر کارلابرا بەرپرسانی میسر چۆن ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردووە. بە مانگان مورسیان شاردەوە، دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و خێزانەکەی بۆ نەڕەخسێنرا. بێگومان ئەمە پێشێلکردنی مافی مورسیە."
نیکۆڵاس پیکاود، لێدوانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەربارەی پڕۆسەی دادگاییکردن بەبیر ھێنایەوە کە رایگەیاندبوو ئەو پڕۆسەیە بۆ بەرپرسانی میسر تاقیکردنەوەیەکە. لەوبارەیەوە گوتی: "جێی نیگەرانیە کە بەرپرسانی میسر تەنیا چەند رۆژێک مۆڵەتیان بە پارێزەرانی مورسی دابوو تا ئامادەکاریی بکەن بۆ پڕۆسەی دادگاییکردنی. پارێزەرانی مورسی پێیان گوتین دۆسێی دادگاییکردنی مورسی ٧٠٠٠ لاپەڕەیە، بەڵام تەنیا لە ٣٠ مانگی رابردوو ئەو دۆسێییان رادەستکراوە، بەرپرسانی میسر جگە لەوەش رێیان نەداوە مورسی بەر لە دادگاییکردنی چاوی بە پارێزەرانی بکەوێ. بۆیە پێمانوایە شێوازی دادگاییکردنی مورسی دادپەروەرانە نەبووە."
پیکاود پێیوایە بۆ ئەوەی تاوانەکان بەسەر مورسدا بسەلمێنرێن پێویستە بەڵگە بخرێتەڕوو. بەمشێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدا: "دەبێت لەوە بکۆڵینەوە ئایا دادگاییکردنی سەرکۆمارێکی لەسەر کار لابراو، بەتایبەتی لایەنی سکاڵاکار، چۆن نزیکی دادگا دەبێ و پڕۆسەی دادگاییشی چەند بە رەوایی ئەنجام دەدرێ. تا ئەمڕۆ چەند ئاماژەیەکی ئاگادار کردنەوەمان بینی."
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی پرسیاری دواخستنی پڕۆسەکە تا مانگی کانوونی دووەمی داھاتوو، دەبێ رەوشی مورسی لێرە بەدواوە چۆن بێ؟ گوتی: "پێویستە رێگە بدرێ مورسی و ١٤ کەسەکەی دیکە کە لەگەڵی دەستیگرکراون چاویان بە ماڵبات و پارێزەرانیان بکەوێ. جگە لەوە پێویستە ھاوکاریی پزیشکی بۆ ئەو کەسانە دابین بکرێ. پێویستە دڵنیابین ئەو کەسانەی دەستگیرکراون رووبەڕوی ئەشکەنجە نەبوونەتەوە، بۆیە پێویستە بە پەلە رێبدرێ مورسی چاوی بە خێزان و پارێزەرانی بکەوێ."