Azad Muhammet
23 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2016
دهۆک - AA
فەماندەى لیواى حەوتى هێزەکانى پێشمەرگە، عەمید بهرام عەریف یاسین لە میحوەرى باشیک راگەیاند "ئەمڕۆ بەیانى کاتژمێر شەش هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى باشیک و ناوەران هێرشێکى بەرفراوانیان بۆسەر تیرۆریستانى داعش دەستپێکردووە لە باکوور و باشوورى میحوەرەکە تا ئێستا حەوت گوند لەلایەن پێشمەرگە کۆنترۆڵکراونەتەوە ژمارەیەک گوندیش گەمارۆدراون".
سەبارەت بەو گوندانەى کۆنترۆڵکراونەتەوە ئەو فەرماندەیەى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هەریەک لە گوندەکانى ئەبوو جەربوعە، تێسخراپى گەورە، تێسخراپى بچووک، ئیمام رەزا، تۆپزاوە ، خەزنە و سماقییە لە باکوورى میحوەرى باشیک لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە کۆنترۆڵکراونەتەوە لە باشوورى میحوەرەکەیش رێگەى سەرەکى نێوان ناوەران و باشیک کۆنترۆڵکراوەتەوە هەروەها گوندەکانى فازلییە و عومەر قاپچى لە چوارلاوە گەمارۆ دراون".
ئەو فەرماندەیەى هێزەکانى پێشمەرگە گوتیشی: "هێزەکانى پێشمەرگە لە پێشڕەوی بەردەوامدان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى تەواوى ناوچەکانى کە پلانمان بۆى داڕشتووە، پێشڕەوییەکانى پێشمەرگە زۆر خێران و بەرگرى تیرۆریستانى داعش زۆر لاوازە تەنانەت لە هەندێک قۆڵ تواناى بەرگریکردنییان نییە بەهۆى کۆنترۆڵکردنەوەى چەندین ناوچەى ستراتیجى داعش وورەى داڕووخاوە، لەگەڵ گەیشتى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ گوندەکانى سنوورەکە داعش لە ناوچەکە رادەکەن بۆ ناوچەکى دیکە و خۆیان حەشار دەدەن و دەچن بۆ ئەو گوندانەى کە تا ئێستا دەستى پێشمەرگە پێی نەگەیشتووە".
عەمید بهرام عەریف یاسین لەبارەى هاوکارى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان گوتى: "لە دوێنێ شەو تا ئەو ساتەى قسە بۆ ئێوە دەکەم بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان بەسەر تیرۆریستان بەردەوامە، لەگەڵ پێشڕەوییەکانى پێشمەرگە فڕۆکە جەنگییەکان لە رێگەى بۆردومانەوە بنکە و بارەگاکانى تیرۆریستانى داعش خاپوور دەکەن و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان دەکەن ئامانجى مووشەکەکانیان لە تەواوى میحوەرەکاندا".
لە بارەى زیانەکانەوە ئەو فەرماندەیەی هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى باشیک گوتی: "زیانى زۆر بە تیرۆریستانى داعش کەوتووە لەبەر بەردەوامى ئۆپەراسیۆنەکە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەى ناوچەکان تا ئێستا بە ووردى نازانین چەند تیرۆریستى داعش کوژراون و چەندیش برینداربوون، بەڵام ئەوە دەزانین کە ئامارى کوژراوانى داعش بەردەوام لە زیاد بووندایە، خۆشبەختانە هێزەکانى پێشمەرگە زیانى گەورەیان بەرنەکەوتوو".
عەمید بهرام ئەوەیشى گوت "ئۆپەراسیۆنەکەى ئەمڕۆى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرەکانى ناوەران و باشیک بەردەوام دەبێت تا گوندەکانى ناوچەکە لە داعش پاکدەکەینەوە، دواتر هێرش بۆ ناو شارەدێى باشیک ئەنجام دەدین و تیرۆریستانى داعش لەو شارەدێیە راودەنێنین".
گوتیشی: "هەرچەند هێزەکانى پێشمەرگە زیانى گەورەیان بەرنەکەوتووە، بەڵام تیمەکانى تەندروستى لە حاڵەتى ئامادە باشیدان بۆ خزمەتکردنى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ حاڵەتە نەخوازراوەکان و چارەسەر کردنى برینداران و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکانى پارێزگاکانی هەرێم".