Muhammet Ali Kemal
11 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2016
کاندیدی پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، باراک ئۆبامای سەرۆکی وڵاتەکەی بە دامەزراندنی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش تۆمەتبار کرد.
ترەمپ لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە ویلایەتی فلۆریدا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە داعش لە زۆر رووەوە رێز لە ئۆباما دەگرێت.
دۆناڵد ترەمپ بە ناوی تەواوەتی ئۆباما کە ''باراک حسێن ئۆباما''یە ناوی سەرۆکی وڵاتەکەی برد و رایگەیاند "ئۆباما دامەزرێنەری داعشە''. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هیلاری کلینتۆن هاوبەشێکە لە دامەزراندنی رێکخراوەکەدا.
هاوکات کۆشکی سپی رەتیکردەوە وەڵامی بانگەشەکانی ترەمپ بداتەوە.
پێشتر ترەمپ، هیلاری کلینتۆنی بە دامەزراندنی داعش تۆمەتبار کردبوو، ماوەیەکی درێژیشە ئۆباما و کلینتۆنی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکای بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ژمارەیەک سیاسەتیان پەیڕەو کردووە کە بووەتە مایەی ئەوەی داعش سوودی خراپی لێببینێت و بۆشایی لەدەسەڵاتدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست درووست ببێت.
ئەمە جگە لەوەی کە پێشتر ترەمپ رەخنەی توندی لە کشاندنەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن ئۆباماوە گرتبوو.