Gökhan Çeliker
05 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد کە بەهۆی ئەگەری تێکچوونی دۆخی ئەمنیی لە لوبنان ئەگەر پێویست نەبوو گەشت بۆ لوبنان نەکەن، ئامۆژگاری ئەو هاووڵاتییانەشی کردووە کە لە ئێستادا لە لوبنانن ئەگەر دەگونجێت وڵاتەکە جێبهێڵن.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییەوە ئەگەری هەیە دۆخی ئەمنیی لە لوبنان بە شێوەیەکی خێرا تێکبچێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئامۆژگاری هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە ئەگەر پێویست نەبوو سەردانی لوبنان نەکەن و، ڕایگەیاندووە: "ئامۆژگاری ئەو هاووڵاتییانەمان دەکەین کە لە لوبنانن ئاگاداربن و ڕێوشوێن بگرنەبەر، ئەگەر ناچار نەبوون سەردانی پارێزگاکانی نەباتیە، باشووری لوبنان، بیقاع و بەعلەبەک-هەرمل نەکەن و، ئەوانەشی پێویست ناکات لە لوبنان بمێننەوە، تا گەشتی بازرگانیی بەردەوامە وڵاتەکە جێبهێڵن".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە چاودێری کردنی پێشهاتەکان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەڕمی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەیروت و هەژمارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتییانەوە سوودی هەیە و، لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بکرێت بە ژمارە تەلەفۆنەکانی باڵیۆزخانەوە (+961 3 944 904 / +961 70 622 012).