ئیستانبوڵ- AA
زیاتر لە ١٠٠ ساڵە توندوتیژی جوولەکەکان بەرامبەر هاووڵاتییانی مەدەنی فەڵەستین بەردەوامە، بەڵام ئەم جۆرە توندوتیژیە جیاوازی لەگەڵ جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی هەیە، چونکە ئیسرائیل بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە زیاتر لە سەدەیەکە فەڵەستینییەکان دەچەوسێنێتەوە و ئەم ستەمکارییەش لە مێژوودا بێوێنەیە.
لە سەدەی رابردوودا لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان گۆڕانکاری گەورە هاتوونەتە ئاراوە، چەندین جەنگی گەورە روویانداوە، سنووری وڵاتان گۆڕاون، تەکنەلۆجیا بەرەوپێش چووە و قۆناغی چوونە بۆشایی ئاسمان دەستیپێکردووە، بەڵام توندوتیژی ئیسرائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکان نەگۆڕاوە. ئەم ستەمەش پێش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دەستیپێکرد.
- گۆڕانی دێمۆگرافی
راستەوخۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم، ژمارەی جوولەکەکان لە خاکی فەڵەستین تەنها لەسەدا ١٠ بوو، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا دێمۆگرافی ناوچەکە بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو گۆڕا. کۆچکردنی جوولەکەکان بۆ فەڵەستین پێش جەنگی جیهانی یەکەم و لە ساڵی ١٨٨٠دا دەستیپێکرد. چونکە کۆچکردن بۆ فەڵەستین لای جوولەکەکان رەهەندێکی ئایینی هەبوو. ئەم کۆچە ناوی "عەلیا"ی لێنرا کە بە واتای "بەرزبوونەوە" دێت.
لە ١٨٨٢ - ١٩٠٣ یەکەم عەلیا، ١٩٠٤ - ١٩١٤ دووەم عەلیا، ١٩١٩ - ١٩٢٣ سێیەم عەلیا، ١٩٢٤ - ١٩٢٨ چوارەم عەلیا، ١٩٢٩ - ١٩٣٩ پێنجەم عەلیا ئەنجامدرا. لەڕێی ئەم پرۆسانەوە جوولەکەکان بۆ خاکی فەڵەستین کۆچیان کرد. دوای جەنگی جیهانی دووەم و لە ساڵانی ١٩٤٨ - ١٩٥١دا، کۆچی جوولەکەکان بۆ خاکی فەڵەستین بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامبوو.
یەکێک لە گرنگترین خاڵی وەرچەرخان، کۆمەڵکوژییەکەی دێر یاسین بوو. چەکدارەکانی سەربە رێکخراوی لەهی کە ئاڤراهام شتێن سەرۆکایەتی دەکرد لەگەڵ چەکدارەکانی رێکخراوی ئیرگون کە مەناحەم بیگەن سەرۆکایەتی دەکرد لە نۆی نیسانی ١٩٤٨دا هەڵیانکوتایە سەر گوندی دێر یاسین رۆژئاوای قودس. بەهەمانشێوە لەم پەلامارەدا رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پاڵما و هاگانا بەشداربوون. لەم پەلامارەدا، ٢٥٤ هاووڵاتی مەدەنی فەڵەستینی شەهیدبوون کە لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ و ٢٥ ژنی دووگیان هەبوون. لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا چەندین ژن دەستدرێژیان کرایەسەر، چەکدارەکان سکی ژنە دووگیانەکانیان هەڵدڕی و چەندین کەسیشیان بە دارەکانەوە بەستەوە و سووتاندیانن. ئەم تاوانە دڕندانە لەلایەن شایەتحاڵەکانەوە بەو بەریتانیانە راگەیاندران کە لێکۆڵینەوەیان لەو تاوانە نامرۆڤانەیە دەکرد. هەندێک لە پیاوانی ئایینی جوولەکە لەو کاتەدا کاردانەوەیان بەرامبەر ئەم پەلامارە دەربڕی، بەڵام چەندین ساڵ دواتر ئەنجامدەری پەلامارەکە مەناحەم بیگەن، رایگەیاند "ئەگەر ئەو کارەمان نەکردایە دەوڵەتی ئیسرائیل دروست نەدەبوو".
- توندوتیژی بەرامبەر فەڵەستینییە راپەڕیوەکان
لە قۆناغی یەکەمی راپەڕینی فەڵەستینییەکاندا کە لە ساڵی ١٩٨٧دا دەستیپێکرد، فەڵەستینییەکان و بەتایبەت منداڵانی فەڵەستین لە بەرامبەر سەربازانی ئیسرائیل گردبوونەوە و تەنها لەڕێی هاویشتنی بەردەوە هەوڵیاندا شەڕ بۆ پاراستنی ژیان و مافەکانیان بکەن. لە یەکەم شەپۆلی راپەڕینەکاندا کە تا ساڵی ١٩٩٣ی خایاند، سەربازانی ئیسرائیل بەبەرچاوی کامێراکانەوە دەستی منداڵانی فەڵەستینییان دەشکاند. یەکێک لەو منداڵانەشی رووبەڕووی ئەم توندوتیژییە بووەوە بوو بە هێمای یەکەم شەپۆلی راپەڕینەکان، هەر لەم قۆناغەشدا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ هاووڵاتی فەڵەستینی مەدەنی گیانیان لەدەستدا. زیاتر لە ١٣٠ هەزاری دیکەش برینداربوون و نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ خانووش رووخان، هەروەها زیاتر لە ٢٠ هەزار فەڵەستینی زیندانی کران.
دووەم شەپۆلی راپەڕینەکانیش لە ساڵانی ٢٠٠٠- ٢٠٠٥ بەردەوامبوو و تیایدا چوار هەزار و ٤١٢ فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا، ٤٨ هەزار و ٣٢٢ فەڵەستینی دیکەش برینداربوون و هەزاران فەڵەستینیش بێماڵ و حاڵ بوون. ئەمجارەش منداڵێک بووە هێمای دووەم شەپۆلی راپەڕینەکان، ئەو منداڵەش محەمەد دوورە-ی ١١ ساڵ بوو کە لەگەڵ باوکی لە پشت بەرمیلێکەوە خۆیان حەشاردابوو و بۆ ماوەی ٤٥ خولەک لەژێر گوللەباراندا بوون، دواتر محەمەد لە باوەشی باوکیدا و بەبەرچاوی کامێراکانی جیهانەوە گیانی لەدەستدا و ئەم وێنەیەش لە راگەیاندنەکاندا بەشێوەیەکی بەربڵاو بووە جێی سەرنج.
- توندوتیژی بەردەوام لە غەززە
لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨ - کانوونی دووەمی ٢٠٠٩، ئیسرائیل کۆمەڵێک پەلاماری چڕی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لەو پەلامارانەدا، هەزار و ٤٠٠ کەس کوژران کە ٣٥٥یان منداڵ بوون، پێنج هەزار و ٤٠٠ فەڵەستینی دیکەش برینداربوون.
لە هەشتی تشرینی دووەمی ٢٠١٢دا، منداڵێکی ١٣ ساڵ لە کاتی یاری تۆپی پێدا بە گوللەی سەربازانی ئیسرائیل کوژرا، بەهۆی ئەو ناڕەزاییانەی دوای ئەم رووداوە دروستبوون، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "راگری هەور"ی دەستپێکرد. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ١٦٧ فەڵەستینی کوژران کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ فەڵەستینی برینداربوون.
لە ساڵی ٢٠١٤شدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "هێڵی پاراستن" راگەیاند، کە ماوەی ٥١ رۆژی خایاند و بووە هۆی وێرانکارییەکی گەورە لە کەرتی غەززە و لە ئەنجامی ئەم پەلامارانەشدا، دوو هەزار و ١٥٨ فەڵەستینی کوژران کە ٥٥١یان منداڵ بوون، زیاتر لە ١١ هەزاری دیکە برینداربوون و زیاتر لە ٦٠ هەزار فەڵەستینی دیکەش بێماڵ و حاڵ بوون.
لە ساڵیادی "نەکبە - نەهامەتی گەورە"دا ئەمریکا، بڕیاریدا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەبیب-ەوە بگوێزێتەوە بۆ قودس. دژ بەم بڕیارەش شەپۆلێکی گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستیپێکرد و لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە ٦٠ فەڵەستینی کوژران کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵ بوون، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون.
بەهۆی گازی فرمێسکڕێژیشەوە کۆرپەیەکی هەشت مانگ گیانی لەدەستدا.
بەم شێوەیە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە توندوتیژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر گەلی فەڵەستین بەردەوامن و پەلامارەکانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ژن، منداڵ، گەنج، پیر، خانوو، نەخۆشخانە و قوتابخانە دەکەنە ئامانج.
news_share_descriptionsubscription_contact



