Sangar Hamad Azeez
11 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2015
بزووتنەوەی حەماس ماڵی یاسر عەرەفات لە غەززە کە لە لەسەر بڕیاری سەرۆکی دەسەڵاتداری فەڵەستین مەحموود عەباس کرابوو بە دەزگایەکی خێرخوازی رادەست دەکاتەوە.
لە روونکردنەوەیەکدا حکوومەتی فەڵەستین رایگەیاند: "ماڵی سەرۆکی پێشوی فەڵەستین یاسر عەرەفات لە غەززە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تاکو ئێستا لە ژێر ركێفی بزووتنەوەی حەماسە رادەستی بزووتنەوەی فەتح دەکرێتەوە".
بڕیارە خانووەکە لە رێوڕەسمێکدا رادەست بکرێت.
سەبارەت بە بابەتەکەش ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بزووتنەوەی فەتح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رادەستکردنەوەی خانووی عەرەفات هەنگاوێکی ئەرێنیە بۆ ئاشتکردنەوەی فەڵەستینیەکان، تاکو فەڵەستین بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و وڵاتەکە لە دابەشبوون بپارێزرێت پێویستە هەنگاوی ئەرێنی زیاتر بنرێت. بزووتنەوەی فەتح هەموو کاتێک ئامادەیە بەرگری لە گەلی فەڵەستین بکات بەرامبەر بە پەلامارەکانی ئیسرائیل".
گوتەبێژی حەماس سامی ئەبو زوهری هیوای خواست کەوا رادەستکردنەوەی ماڵی یاسر عەرەفات سەرەتای هەنگاوەکان بێت بۆ هێوەر کردنەوەی بارودۆخەکە.
ناوبراو گوتی: "لە رەوشێکی ئاوادا گەلی فەڵەستین زۆر پێویستی بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی هەیە".
بە بڕیارێکی سەرۆکی دەسەڵاتداری فەڵەستین مەحموود عەباس لە ساڵی ٢٠٠٧دا ماڵی سەرۆکی پێشوی فەڵەستین یاسر عەرەفات کرا بە دەزگایەکی خێرخوازی هەر بە ناوی دەزگای یاسر عەرەفات-ەوە.
دەزگاکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاری دەکرد و لەلایەن حکوومەتەوە یارمەتی ماددی دەدرا.
غەززە کە ٨ ساڵ دەبێت لەژێر دەستی حەماس دایە، ئەو بزووتنەوەیە ئامادە نەبوو خانووەکەی عەرەفات رادەستی فەتح بکاتەوە.