Muhammet Ali Kemal
26 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2016
ئەوە راگەیەنرا کە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی سەر بە سوپای رووسیا لە حەڵەب و دەوروبەری، ١٨ کەس کوژراون و ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە لێدوانێکدا بەرپرسی بەرگری شارستانی شارۆچکەی ئەتاریبی خۆرئاوای حەڵەب، ئیبراهیم ئیبراهیم، ئاماژەی بەوە کرد فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەی بەرگری شارستانی لە شارۆچکەکە.
ئیبراهیم رایگەیاند: ''لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێنج کارمەندی فەرمانگەکە کوژراون و سیانی دیکەشیان بریندار بوون. ئێمە لە رێگەی ئامێری بێ تەلەکانەوە زانیمان کە فڕۆکەکان هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەکە. رووسەکان تەنها لە رێگەی فڕۆکەوە هێرشەکانیان ئەنجام نەدا، بەڵکو هێزی دەریایی رووسیی لە رێگەی مووشەکی بالستیکییەوە هێرشی کردە سەر فەرمانگەکە''.
بەرپرسی بەرگری شارستانی شارۆچکەی ئەتاریب باسی لەوە کرد مووشەکەکان لە کێڵگەکانی نزیک لە فەرمانگەکە کەوتوونەتە خوارەوە، ئەمە جگە لەوەی زیانی زۆر بە بارەگای فەرمانگەکە گەیشتووە و ئۆتۆمبیلەکانی تێکشکاون.
لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە بەرپرسانی بەرگری شارستانی لە حەڵەب، بەناوی ئیبراهیم ئەبولەیس، ئاماژەی بەوە کرد لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆ سەر هەریەک لە گەڕەکەکانی فیردەوس، حەیدەرییە و شیعار، ١٣ کەس کوژراون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەبولەیس باسی لەوەشکردووە ئەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە و بریندارەکان لە رێگەی ئامبوڵانسەکانەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.