Mazın Asad
25 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2016
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا ستافان دی میستورا، تەواوبوونی خولێكی دیكەی دانوستانەكانی جنێڤ لەبارەی سووریاوە راگەیاند و گوتی: " لە ٩ی نیسانی داهاتوودا خولێكی دیكە ئەنجام دەدرێت".
دی میستورا دوای تەواوبوونی خولی یەكەمی دانوستانەكان لە جنێڤ، كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز كرد و ئاماژەی بەوە دا كە لایەنەكان لە كۆبوونەوەكاندا نەكشاوەتەوە و دانوستانەكانیان بە جددی وەرگرتووە و راشیگەیاند كە ئەم خولە بریتی بوو لە ھەنگاوی ئامادەكاریی بۆ تاوتوێكردنی قۆناغی راگوزەری سیاسیی لە سووریا.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا گوتی: "لە پێناو بەردەوامبوونی رێككەوتنی ئاگربەست و گەیاندنی ھاوكاری مرۆیی، پێویست بە رێگەچارەیەكی سیاسیی و قۆناغی ڤیزیۆنی راگوزەری سیاسیی ھەیە". ناوبراو روونیشی كردەوە كە دوای ئاگربەستەكەی ٢٧ی شوباتی رابردوو تاوەكو ئێستا نزیكەی سێ ھەزار كەس كوژراون.
دی میستورا گوتیشی: "شاندی حكوومەت بە زۆری لەسەر پرەنسیبەكان چڕ بووەوە. ئۆپۆزسیۆنیش جەختی لەسەر قۆناغی راگوزەری لە ناوچە جددییەكان كرد. بێگومان پرەنسیبەكان گرنگن، بەڵام ئەگەر بەردەوام باسی بكرێت ئەوكات ناتوانین لە خولی داھاتوودا تاوتوێی قۆناغی راگوزەری سیاسیی بكەین".
لەبارەی خولی دووەمی دانوستانەكان، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان ستافان دی میستورا گوتی: "بڕیار وایە لە رۆژی ٩ی نیسانی داهاتوو ئەنجام بدرێت. كام لایەن زووتر بێت سەرەتا لەگەڵ ئەوان كۆبوونەوەكان دەست پێ دەكەین".
لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی داواكاری رژێم لەسەر دووبارەی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان بۆ مانگی نیسانی داهاتوو و بەھۆیەوە ئەگەری دواخستنی ھەڵبژاردنەكان لە سووریا، دی میستورا گوتی: "دەسەڵاتی قسەكردنم ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكە لە ژێرچاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە ماوەی ١٨ مانگدا".
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش دا كە لە پێناو دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی سیاسیی بۆ سووریا، لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریادا، لەسەر ١٢ بنەما رێككەوتوون.
ئەو بنەما سەرەكییانەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەشی كردووە و لایەنەكان لەسەری رێككەوتوون، بەم شێوەیەیە:
- پارێزگاریكردن لە سەروەریی، یەكێتی و یەكپارچەیی خاكی سووریا.
- لە پێناو ئایندەی سووریا، گەلی سووریا بە رێگەی دیموكراسی خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات.
- لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی گشت لایەنەكان و بێ بنەمای مەزھەبگێری، سووریا دەبێتە دەوڵەتێكی دیموكراسی.
- لەقۆناغی راگوزەر و دواتردا بە لانیكەم سەدا ٣٠ی ئافرەتان لە گشت دەزگاكانی دەوڵەت و میكانیزمی بڕیاردان نوێنەرایەتیان دەبێت.
- بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی سووریاوە، بێ بنەمای مەزھەبگێری ئیدارەیەكی متمانەپێكراو و بنكەفراوان دادەمەزرێت. دەستوورێكی نوێ ئامادە دەكرێت و ھەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوە دەچێت.
- لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رێگری لە ھاوكاریی چەك و دارایی بۆ گرووپە تیرۆریستییەكان دەكرێت.
- سەرلەنوێ سوپایەكی یەكگرتوو و نیشتمانی دادەمەزرێت.
- دەرفەت بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سووریا دەڕەخسێندرێت.