Mehmet Tosun,Mohammed Baqi Hussein
19 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2019
ئەنقەرە - AA
دادگای ئەورووپا بۆ مافەكانی مرۆڤ داواکارییەکەی تورکیا بە مەبەستی تەمییزکردنەوەی بڕیاری پەیوەست بە سەڵاحەددین دەمیرتاش-ی هەدەپەیی کە بە زیندانییکردن حوکمدراوە، پەسەندکرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دادی توركیا، فەرمانگەی دووەمی دادگای ئەورووپا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بەرپرسە لە دۆسیەكانی توركیا، 20ی تشرینی دووەمی 2018 لەسەر داواكاریی تاكەكەسیی دەمیرتاش، بڕیاری بوونی پێشێلكاریی دەركرد.
بەپێی بڕیارەكە، لەبارەی سكاڵاكان بە هۆی "بەندكردنەكە لەسەر گومانێكی ماقول نەبووە" و "لێكۆڵینەوەكانی دادگای دەستووری لەبارەی داواكاریی تاكەكەسەوە لە ماوەیەكی كەمدا تەواونەكراوە"، پێشێلكاری لە ئارادا نییە، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە "ماوەی دەستبەسەریەكەی لە بڕی ماقول تێپەڕیوە" و "بەئامانجێكی سیاسی و شاراوەی جیاواز لەوەی كە دەردەكەوێت دەستگیركراوە"، بڕیار دراوە كە پێشێلكاری لە ئارادایە.
دادگاكە راشیگەیاندووە، بۆ ئازادكردنی دەستبەجێی كەسی سكاڵاكار، پێویستە حكوومەت رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.
وەزارەتی دادی توركیا 18ی شوباتی 2019 تانەی لە بڕیارەكە دا و داوای لە دادگای ئەورووپا بۆ مافەكانی مرۆڤ كرد، بەدۆسیەكەدا بچێتەوە.
لە دەقی داواكارییەكەی توركیادا هاتووە، "ئەم دۆسیەیە لەبەرئەوەی ئەگەری هەیە لەڕووی گرێبەستی مافی مرۆڤ لە ئەورووپا و جێبەجێكردنی گرێبەستەكەوە كێشەی جددیی لێبكەوێتەوە، بە هۆی ئاڵۆزیی دۆسیەكە و چەندین بابەتەوە كە یەكەمجارە دادگای ئەورووپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بەبڕیارێك هەڵیدەسەنگێنێت، بە هۆی ناسنامە و كەسێتیی سكاڵاكارەوە، پێویست دەكات لە لایەن فەرمانگەی گشتیی دادگاكەوە تاوتوێ بكرێت".
ئەو دەستەیەی داواكارییەكەی توركیایان هەڵسەنگاند، بڕیاریاندا كە لە فەرمانگەی گشتی خوێندنەوە بۆ دۆسیەكە بكرێتەوە.
بەم بڕیارە، خوێندنەوە بۆ دۆسیەكە سەرلەنوێ دەست پێ دەكاتەوە و سەرلەنوێ بۆچوونی سكاڵاكار و حكوومەت دەپرسرێتەوە.
دوای ئەوەی دادگای ئەورووپا بۆ مافەكانی مرۆڤ رۆژێك بۆ دانیشتنەكە دیاری دەكات لە ستراسبۆرگ دۆسیەكە تاوتوێ دەكرێتەوە و بڕیارێكی نوێ لەبارەیەوە دەردەكرێت.
بە هۆی ئەوەی كە فەرمانگەی گشتیی دادگاكە رێژەی سەدا 95ی داواكارییەكانی رەتكردووەتەوە، پەسەندكردنی داواكارییەكەی توركیا گرنگیی زۆری هەیە.