Muhammet Ali Kemal
02 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2017
سیتوی - AA
موسڵمانانی هەرێمی ئاراکانی میانمار، کە بەهۆی هێرش و پەلاماری هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە و پیاوانی ئایینیی بوزییەوە، بەرەو سنوورەکانی بەنگلادش هەڵاتوون و لەوێش بەرەوڕووی کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، لە دۆخێکی زۆر ناهەموار و هەلومەرجێکی نامرۆییدا ژیان بەسەر دەبەن.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵە کە توانیویەتی بگاتە گوندەکانی رۆهینگیای سەربە شاری سیتوی، دیمەنی دۆخی ژیانی دانیشتوانی ئەو گوندانەی گواستووەتەوە.
لەلایەن حکوومەتی بوزییەوە و بەبیانووی جۆراوجۆری ئاسایش، چواردەوری گوندەکان پەرژین کراوە و بەڕووی هاتنە دەرەوە و چوونە ژوورەوەدا داخراوە. تەنانەت دانیشتوانی گوندێک ناتوانن سەردانی نزیکترین گوند بکەن. ناوچەکە کراوەتە گرتووخانەیەکی سەرنەگیراو و دانیشتوانەکەی ناچارن هەموو تەمەنیان لە گوندەکانیاندا و بێ ئەوە سەردانی هیچ شوێنێکی دیکە بکەن ژیانیان درێژە پێبدەن.
ئەگەر بێت و هاووڵاتییەکی میانمار موسڵمانێکی ئاراکانی بکوژێت، هیچ سزایەک نادرێت بەڵام ئەگەر موسڵمانێکی ئاراکانی بچووکترین تاوان ئەنجام بدات، زۆر جار سزاکەی تا ئاستی لەسێدارەدان دەبێت.
لەرێگەی یاسایەکەوە کە دەسەڵاتی بوزی لە میانمار لەساڵی ١٩٨٢دا دەریکردووە، موسڵمانەکانی ئاراکان مافی هاووڵاتیبوونیان لەدەستداوە و لەئێستادا بێ نیشتمانن.
لەبەر ئەوەی ناسنامەیان نییە، موسڵمانانی ئاراکان لەجێگەی نەبووان دادەنرێن، تەنانەت سەرەتاییترین مافەکانی ژیانیان نییە کە خوێندن و تەندروستییە.
ئەمە جگە لەوەی رێگەیان پێنادرێت خانووی نوێ دروستبکەن، دوای ئەوەی ماڵەکانیان لەلایەن چەتە بوزییەکانەوە رووخێنراوە.
بەهۆی نەبوونی زێرابەوە، پاشەڕۆی تەوالێتەکان دەڕژێتە سەر شەقامەکان و هاووڵاتییان تووشی ئاستەنگی زۆر دەبن لە دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوەدا.
دانیشتوانی گوندەکان دەناڵێنن بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە، بەتایبەت کە منداڵەکانیان زوو زوو نەخۆش دەکەون.
لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا، لەبەر ئەوەی کەشوهەوای ناوچەکە زریانی وەرزیی دەیگرێتەوە، کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان جێهێشتووە.