Raşa Evrensel
03 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2022
ئیستانبوڵ - AA
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئەوەی راگەیاند کە ئامادەن بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەمریکا دەربارەی پرسی ئۆکراینا کاربکەن.
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئاندرێ رۆدنکۆ لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی "رووسیا تودەی"، ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەڕای ئەوەی دەزانن کە ھیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ رێککەوتنی مینسک بەڵام وڵاتەکەی بە ھەموو شێوەیەک دەربارەی ئۆکراینا ئامادەی کارکردنە لەگەڵ واشنتۆن.
ئاندرێ رۆدنکۆ، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا سەبارەت بە ئۆکراینا، گوتی: "بە پلە یەک دەبێت ئەم پرسیارە ئاراستەی ھاوبەشە ئەمریکییەکان بکرێت. ئێمەش لەلای خۆمانەوە ئامادەی ھەماھەنگین بە ھەر شێوەیەک بێت لەسەر ئەو بنەمایەی کە واشنتۆن پاڵپشتی دەکات، ئەویش: نەبوونی جێگرەوەیەکە بۆ رێککەوتنی مینسک و مەحاڵە قەیرانەکە چارەسەر بکرێت بەبێ پێدانی دۆخێکی تایبەت بۆ دۆنباس".
بەرپرس رووسییەکە جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی درک بەوە دەکات کە بەشداریکردنی لایەنی ئەمریکی کاریگەریی ئەرێنی دەبێت.
لە ١٢ی شوباتی ساڵی ٢٠١٥، سەرکردەکانی "چوارینەی نۆرماندی" لە مینسکی پایتەختی بێلاڕووس، لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە رۆژھەڵاتی ئۆکراینا، راگەیاندنی ناوچەیەکی جیاکراو و کشانەوەی چەکە قورسەکان گەیشتنە رێککەوتن.