Dmitri Chirciu
20 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2022
مۆسکۆ - AA
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی ریابکۆڤ به پێویستی زانی ئەمریکا پاڵپشتیکردنی سەربازیی ئۆکراینا لە رێگەی ناردنی چەکەوە رابگرێت.
سێرگی ریابکۆڤ، لە میانی بەشدارییکردنی لەو کۆنفرانسەی کە یانەی ڤالدایی نێودەوڵەتیی بۆ گەنگەشەکردن لە مۆسکۆی پایتەخت رێکیخستبوو، ھەڵسەنگاندنی بۆ چالاکییەکانی ئەمریکا لە ئۆکراینا کرد.
ریابکۆڤ گوتی: "بەڕاستی دۆخی ئەورووپا لە رووی ئاسایشەوە ھەستیارە. ئەم دۆخە بەھۆی بەکارھێنانی ئۆکراینا لەلایەن واشنتۆن و ناتۆوه وەکو فشارێک بۆسەر رووسیا، روویدا".
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا پاڵپشتیی سەربازیی ئۆکراینا دەکات و گوتی: "جەخت لەسەر گرنگیی راگرتنی پاڵپشتیی سەربازیی بۆ رژێمی ئۆکراینا دەکەینەوە کە جەنگیان دەوێت ئهوهش لە رێگەی گواستنەوەی چەک، پاڵپشتیی مەشقکردن و درووستکردنی بنکەی سەربازیی کە راستەوخۆ ھەڕەشە بۆسەر ئێمە درووستدەکات و ههروهها دانانی پلان بۆ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و جێبەجێکردنی".
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەوەشی راگەیاند کە ھیچ چالاکییەک ئەنجام نادەن کە ھەڕەشە بۆسەر ئۆکراینا درووستدەکات و گوتی: "ئێمە تەنھا مانۆڕی سەربازیی لەسەر خاکی خۆمان ئەنجامدەدەین. بە رێکی جۆڵە بە یەکە سەربازییەکانمان دەکەین. لە داھاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەنجامدانی ئەمە".
تیشكی خستهسهر ئهوهش لە ئەورووپا یان لە شوێنێکی دیکە مەترسی سەرھەڵدانی جەنگێکی فراوان لە ئارادا نییە و ئەوەی روونکردەوە کە نیازیان نییە ھێرش بکەنە سەر ئۆکراینا.
سێرگی ریابکۆڤ جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت ئەمریکا، ئۆکراینا ناچار بکات پابەندی رێککەوتنی مینسک بێت.