Sangar Hamad Azeez
29 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2018
نیویۆرک - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە دوای کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی سوپای وڵاتەکەیان، دەستیان بە گواستنەوەی سیستەمی بەرگری مووشەکی لە جۆری S-300 کردووە بۆ سووریا.
لاڤرۆڤ دوای دانیشتنی ٧٣مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد و لەبارەی رۆژەڤ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لەبارەی رێککەوتنی سۆچی و چۆنییەتی جیاکردنەوەی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی ئەلنوسرە لە ئیدلب، لاڤرۆڤ گوتی: "میلیشیاکان و چەکە قورسەکان لەو ناوچانە دەگوازرێنەوە کە بەناوچەی داماڵراو لە چەک دەستنیشانکروان لە ئیدلب. تورکیا لە قۆناغی سیاسیدا رۆڵ دەبینێت. ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارییەتی جیاکردنەوەی ئەلنوسرەی لە ئەستۆ گرتووە. ئەوەش کارێکی ئاسان نابێت. حکوومەتەکەی ئۆباما کاتی خۆی بەڵێنی زۆری پێداین. بەڵام نەیبردە سەر. ئەو حکوومەتەی ئێستای ترەمپیش بەهەمان شێوە. هیوادارین تورکیا و ئۆپۆزسیۆن بتوانن ئەو کارە بکەن".
لاڤرۆڤ گوتی: "لە سووریا، ئەگەر رووسیا، تورکیا و ئێران هاوڕاش نەبن لەسەر بابەتەکان لایەنی کەم هاوڕان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا. هەماهەنگی رێککەوتنی ئاستانا سوودێکی زۆر زۆری هەبوو".