Ali Cura,Emre Gürkan Abay
18 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2022
مۆسکۆ-AA
رووسیا راگەیاند ئەگەر ئەمریکا لە بابەتی گرەنتییە ئەمنییەکان ئامادە نەبێـت ئەوا ناچار دەبن رێکاری سەربازیی-تەکنیکی جێبەجێ بکەن.
باڵیۆزی ئەمریکا لە مۆسکۆ، جۆن جەی سەڵیڤان، لە کاتی بانگھێشتکردنی بۆ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا کاردانەوەیەکی ١١ لاپەڕەیی مۆسکۆی لەبەرامبەر وەڵامی واشنتۆن سەبارەت بە رەشنووسی گرەنتییە ئەمنییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکای رادەستکرا.
راگەیەندراوەکە کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاو کرایەوە، بەھۆی فشاری زۆر لهسهر ماڵپهڕهكه، بۆ ماوەیەک بەردەست نەبوو.
لە راگەیەندراوەکەدا کە وەڵامی گرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا لەخۆ دهگرێت و ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمریکا وەڵامێکی بنیاتنەری بڕگە سەرەکییەکانی رەشنووسهكهی نەداوەتەوە.
ئاماژە بەوە کراوە کە تایبەتمەندیی "پاکێج" لە پێشنیارەکانی رووسیا پشتگوێ خراوە، بابەتی "گونجاو" بە ئەنقەست ھەڵبژێردراوە و ئەمەش بەرژەوەندیی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی زیادکردووە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم ھەڵوێستە و گوتارەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، گومانەکانی سەبارەت بە سووربوونی واشنتۆن لەسەر چاککردنی دۆخی ئەمنیی ئەورووپا بەھێز دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: "لە کاتێکدا نیگەرانیی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە شوێنەکانی نزیک سنوورەکانی رووسیا لە زیادبووندایه، بەردەوام دەبن لە پشتگوێخستنی 'ھێڵە سوورەکانمان' و بەرژەوەندییە ئەمنییە سەرەکییەکانمان و مافی سەرورەیی رووسیا بۆ بەرگریی کردن لەخۆی".
ئەوەش ھاتووە: "ئەگەر ئەمریکا ئامادە نییە رێککەوتن لەسەر گرەنتیی یاسایی ئاسایشمان بکات، ئەوا ناچار دەبین رێکاری سەربازیی-تەکنیکی جێبەجێ بکەین".
لە راگەیەندراوەکەدا ههروهها ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە کە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە پایزی رابردووەوە تا ئێستا لەسەر ئاستی فەرمی ئەوە رادەگەیهنن کە رووسیا ئۆکراینا داگیردەکات و تێیدا ھاتووە: "داگیرکردن لەلایەن رووسیاوە جێگەی باس نییە، پلانی بۆ دانانرێت. لەبەر ئهوه، بانگەشەی ئهوهی 'رووسیا بەرپرسە لە گرژییەکان'، جگە لە درووستکردنی فشار لەسەر پێشنیازەکان بە ئاراستەی گرەنتییە ئەمنییەکان و ھەوڵەکانی بێبەھاکردنی، ھیچی دیکە نییە".
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئەگەری وەرگرتنی ئۆکراینا لە ناتۆ ئەوا راستەوخۆ پێکدادانی چەکداریی لەگەڵ رووسیا دەستپێدەکات و جەخت لەوە کراوەتەوە کە رووسیا لایەنێک نییە لە قەیرانی دۆنباس لە رۆژھەڵاتی ئۆکراینا و لایەنی وەکو رێکخراوی ئاسایش و ھەماھەنگی ئەورووپا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا "رۆڵی نێوەندگیریان" بینیوە.
باس لەوەش کراوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە نزیك ئۆکراینا، پێویسته کیێڤ رێککەوتنی مینسک جێبەجێ بکات، چەک و راھێنەری سەربازیی بۆ ئۆکراینا نەنێردرێت و ناتۆ مانۆڕی سەربازی لەو وڵاتە ئهنجام نهدات و له راگهیهندراوهكهدا هاتووه: "ئێمە بۆ دیالۆگ کراوەین و داوا دەکەین کە بیر لە دۆخی سەقامگیر بۆ ئاسایشی گشتی و یەکسانی بۆ سەرجەم بەشداربووان لە ژیانی نێودەوڵەتی بکرێت".
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج بۆ ئەوە راکێشراوە کە ئەمریکا، سوورە لەسەر ئەوەی چاککردنی دۆخی ئەمنیی ئەرووپا تەنھا پەیوەستە بە بوونی سەربازیی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکراینا و ئاماژە بەوە کراوە کە جێگیرکردنی یەکە سەربازییەکانی رووسیا لەسەر خاکی خۆی کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نابێت و ھیچ یەکەیەکی سەربازی لە سەر خاکی ئۆکراینا بوونی نییە و تێدا ھاتووە: "پێداگری لەسەر کشانەوەی سەرجەم یەکە سەربازییەکان و چەکەکانی ئەمریکا کە لە باشووری رۆھەڵاتی ئەورووپا، رۆژھەڵاتی ئەورووپا و ناوچەی باڵتیك جێگیرکراون، دەکەین".
ههروهها جەخت لەوە کراوەتەوە کە سیاسەتی "دەرگای کراوە" کە ئەمریکا گرتوویەتییەبەر بۆ ناتۆ پێچەوانەی ئەو پابەندە سەرەکییانەیە کە لە چوارێوەی رێکخراوی ئاسایش و ھەماھەنگی ئەورووپا بەڵێنی لەسەر دراوە و بە تایبەتی پابەندبوون بە "بەھێزکردنی یەکێک لەسەر ئاسایشی یەکێکی دیکە" و بانگەوازی ئەمریکا و ناتۆ کراوە کە پابەندە نێودەوڵەتییەکانیان لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایش جێبەجێ بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ھاتووە، چاوەڕوان دەکرێت پێشنیازی تایبەت لەلایەن ئەندامانی ھاوپەیمانییەتییەکەوه سەبارەت بە وازھێنانی ناتۆ لە زیاتر فراوانبوون بەرەو رۆژھەڵات، بدرێته مۆسكۆ.