Sangar Hamad Azeez
06 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
رووسیا بڕیاریدا ژمارەی سەربازانی لە سووریا کەم بکاتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگری (Amiral Kuznetsov)ی لەناوچەکە دوور خستەوە.
سوپا سالاری رووسیا ڤالەری گەراسیمۆڤ رایگەیاند کەوا دەستیان بە کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانیان کردووە لە سووریا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کەوا لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازی رووسیا لە سووریا کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگری (Amiral Kuznetsov)یان لە ناوچەکە دوورخستۆتەوە.
فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا ئاندرێی کارتاپۆلۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ئەو دوو مانگەی کەشتی (Amiral Kuznetsov) لە کەناراوەکانی سووریا ئەرکی بەجێگەیاندووە فڕۆکەکانی سەر کەشتییەکە ٤٢٠ هێرشیان ئەنجام داوە و تیایدا ٢٥٢ ئامانجیان پێکاوە.
دوای ئەوەی لە ٣٠ کانوونی یەکەم بە رابەرایەتی رووسیا و تورکیا ئاگربەست لە نێوان رێژەمەکەی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە راگەیەندرا، سەرۆکی رووسیا ڤلادمیر پوتین بڕیاریدا ژمارەی سەربازانی لە سووریا کەم بکاتەوە.