Sangar Hamad Azeez
28 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2016
مۆسکۆ-AA
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڕیاری دا بەشێک لەو رێککەوتننامەیەی کە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی سووریا واژووی کردووە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا روونکردنەوەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوتەوە و تیایدا رایگەیاندووە کە دەیەوێت سەردێڕەکانی رێککەوتننامەکەی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن لەبارەی سووریا بڵاو بکاتەوە. ئەوەیشی راگەیاندووە کە ئەمریکا هەمووکات دژایەتی ئەو کارەی کردووە و ئەمەش هەڵوێستی ئەو وڵاتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ئێمە دەمانەوێت لای خۆمانەوە سەردێڕەکانی ناو رێککەوتننامەکە بە زمانی رووسی بڵاو بکەینەوە و زانیارییەکانی ناو رێککەوتننامەکە بۆ رای گشتی رابگەیەنین. جیالەمەش چاوەڕوانین ئەمریکا ئەو بەڵێنانەی بباتە سەر کە لەبارەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و گرووپە تیرۆرستییەکان داویەتی".
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هەروەها باس لەوە کراوە کە بەشێکی کەمی رێککەوتننامەکە کە باس لە ئاگربەستی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرووپە چەکدارییەکان دەکات، بە زمانی رووسی بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.