Mazın Asad
28 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2016
واشنتۆن - AA
سەرۆکی بەرگری شارستانی سووریا رەعەد ساڵح رایگەیاند: "خەڵکی حەلەب چاوەڕێی مردن دەکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەوبارەیەوە بێدەنگە. لە ماوەی ئەم ھەفتەیەی دواییدا ھەزار کەس لە حەلەب کوژراون".
رەعەد لە گوتەیەکی لە دەزگای فیکری ئاتلانتیک کۆنسل لە واشنتۆن، درامی رووداوەکانی حەلەبی بۆ بەرپرسانی ئەمریکا و رۆژنامەنووسان باس کرد.
رەعەد ئاماژەی بەوە دا کە خەڵکی حەلەب ئیتر شوێنی خۆشاردانەوەیان نادۆزنەوە و گوتیشی: "خەڵکی حەلەب چاوەڕێی مردن دەکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەوبارەیەوە بێدەنگە. لە ماوەی ئەم ھەفتەیەی دواییدا ھەزار کەس لە حەلەب کوژراون".
سەرۆکی بەرگری شارستانی سووریا روونیشی کردەوە کە لەکاتێکدا ھەوڵی رزگارکردنی بریندارەکان بەھۆی ھێرشە ئاسمانییەکانەوە لە سووریا دەکەن، تەنانەت خۆشیان بوونەتە ئامانجی ھێرشە ئاسمانییەکان و راشیگەیاند لە دوا ھێرشەکانی حەلەب، ١٩ ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری کراوەتە ئامانج و لە ئێستاشدا تەنھا ٣٠ پزیشک لە حەلەب ماونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ١٢٠ کارمەندیان وەک خۆشبەخش کار دەکەن کە لە دوا ھێرشەکانی حەلەبدا ١٢ کەسیان بریندار بوون و زیاتر گوتیشی: "لە پێناو پشتگیریکردنمان بۆ ئێرە نەھاتووین، بەڵکو داوای وەستاندنی کوژرانی خەڵکی سڤیل لە سووریا دەکەین و ھەروەھا داوای سووریایەک دەکەین کە پێویستی بە ئێمە نەبێت. ھێشتا ھاوێشتنی ھەنگاوێکی روون لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕ نابینین".
رەعەد لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەوەتەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی رووسیا لە سووریا، ژمارەی قوربانیانی خەڵکی سڤیلی سووریا رووی لە زیادبوون کردووە و راشیگەیاند لە چوارچێوەی کاری رزگارکردنی برینداران لە سووریا دەستکاری قوربانیان ناکەن، بەڵکو تەنھا ھەوڵەکانیان بۆ دەرکردنی برینداران چڕکردووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە لە رووی لوجسیتیکی وەک پێویست ھاوکارییان بۆ بریندارەکان پێ نەگەیشتووە و نەیشاردەوە کە ھەوڵ دەدەن بریندارەکان بۆ تورکیا بگوازنەوە.