Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2019
سلێمانی ـ AA
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گردی مامە یارەی شاری سلێمانی بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز ، ئاھەنگ و چالاکییەکانی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی دەستی پێکرد.
لەو گردەدا کە رێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری شارەکەوە رێکخرابوو، ھەزاران ھاووڵاتی دانیشتووی شارەکە ئامادەی بوون و چەندین چالاکی جۆراوجۆری ھونەری پێشکەش کران.
شاری سلێمانی ھاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی تری ھەرێمی کوردستان، ساڵانە و لەگەڵ ھاتنی نەورۆزدا بە شێوەی جۆراوجۆر ئامادەکاری بۆ دەکرێت و ھاووڵاتیان بە ژن و پیاو ، گەنج و پیر و منداڵەوە بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگی کوردییەوە لە گردی مامە یارە و شەقامی سالم دەست بە دەربڕینی خۆشی و ئاھەنگگێڕان دەکەن و تا درەنگانی شەو لەسەر ئەو شەقامە دیارەی سلێمانی دەمێننەوە.
ھاووڵاتیانی بەشداربووی ئاھەنگەکە خۆشحاڵ بوون بە ھاتنی نەورۆز و ھیوای ئەوە دەخوازن نەورۆزی ئەمساڵ خۆشی زیاتر بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بھێنێت و کۆتایی بە قەیرانی دارایی و ئەو دۆخە ناھەموارە بێت کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو ھەرێم تێی کەوتبوو.
لەلای خۆیەوە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح کە بۆ بەسەربردنی پشووی نەورۆز لە سلێمانییە، لە پەیامێکدا بەو بۆنەیەوە جگە لە پیرۆزبایی کردنی کوردان بەبۆنەی ھاتنی نەورۆزەوە ، ھیوای خواستووە: "خۆشگوزەرانی و ژیانێکی شایستە بۆ ئێوە و ھەموو ھاووڵاتیانی عێراق ببێتە بناغەی کارکردن و بتوانین لانی کەمی ئەو پەیامەی نەورۆز لە خۆشبەختی و عەدالەت و دەرفەتی ژیانی یەکسان بەرجەستە بکەین".
لە پەیامەکەی بەرھەم ساڵح ھاتووە: "ھیوادارم ئەم یادە وامان لێبکات ئاشتەوایی و بەرژەوەندی و چاکەی گشتی بخەینە شوێنی ناکۆکی و دووبەرەکی، لێبوردن و ماف و داخوازی خەڵک بکەینە بنەمای کارو گوفتارمان".
نەورۆز لە رۆژژمێری کوردیدا بە یەکەم رۆژی ساڵ دادەنرێ و زۆریەک لە نەتەوەکانی رۆژھەڵاتی ناوڕاست ئەم رۆژە بە رۆژێکی پیرۆز دەزانن.
کوردەکان لە سەرانسەری جیھان رۆژی نەورۆز پیرۆزبایی لێکتر دەکەن و لە شوێنە بەرزەکان ئاگر دەکرێتەوە.