Dlshad Saifaalddin Ahmed
12 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی ـ AA
ئەفسەری جووڵە لە بەڕێوەبەرایەتی گومرکی سلێمانی، کرمانج محەمەد لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "پێش دوو رۆژ ھێزەکانمان لە سنووری قەزای پێنجوێن ( ٩٦ کلم باکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی) دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت کە بڕێکی زۆر دووگی ئاژەڵی بە شێوەیەکی قاچاخ و نایاسایی لە وڵاتی ئێرانەوە ھێنابویە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەو گوتی: "ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تۆیۆتا "میک زەمینی" بووە و دوای ھاتنە ناوەوەی بەبێ کۆنترۆڵ لە سنووری ئێرانەوە بۆ ناوخۆی ھەرێم، لەدەست ھێزەکانمان ھەڵاتووە و بە تەقەکردن خۆی کردووە بەناو ماڵەکانی پێنجوێندا، دوای ئاگادارکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان و بەھاوکاری ئەوان دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیرا".
ئەفسەرەکەی گومرک گوتی: "ئەو ئۆتۆمبێلە بڕی ٢٥٠ کیلۆگرام دووگی ئاژەڵی خراپ و نەشیاوی بە شێوەیەکی نایاسایی ھێنابویە ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە کە بۆ دروستکردنی کەباب و گەسی گۆشت بەکار دەھێنرا و زیانی بۆ ھاووڵاتییان ھەبوو".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئەو بابەتە شۆفێر و کەسێکی تر دەستگیرکراون و رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
لە بارەی قۆناغی نوێی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و کاریگەرییان لەسەر گومرکی ھەرێمی کوردستان، کرمانج گوتی: "تا ئێستا ئەو سزایانە کاریگەری ئەوتۆیان نەبووە لەسەر ھەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی وەک خۆی ئەنجام دەدرێت".
ئەفسەرەکەی بەڕێوەبەرایەتی گومرکی سلێمانی باسی لەوەش کرد، بابەتەکانی خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە و دووگ و جگەری ئاژەڵ و چەند بابەبتێکی تر رێگە پێنەدراون و لە سنوورەکانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان بە شێوەی قاچاخ کاریان پێوە دەکرێت، تا ئێستاش دەستیان بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە و ژمارەیەک قاچاخچیشیان دەستگیرکردووە کە بە قاچاخ ئەو کارەیان کردووە.