Berk Özkan
21 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2021
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میتسۆتاکیس ئەنجام دا.
بە پێی راگەیەندراوێک کە لە لایەن سەرۆکایەتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پرسە ناوچەییەکان لەسەروویانەوە پێشھاتەکانی ئەفغانستان و بابەتی کۆچ، و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کراون.
ھەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و کیریاکۆس میتسۆتاکیس ھاوخەمییان بۆ یەکتری بەھۆی کەوتنەوەی ئاگری دارستانەکان لە ھەردوو وڵات، دەربڕیوە.
ئەردۆغان باسی لەوەش کردووە، ئاگری دارستەنەکانیان لە تورکیا کۆنتڕۆڵ کردووە و ئامادەن ھاوکاریی یۆنان بکەن لە بەگژداچوونەوەی ئاگرەکاندا.
سەرکۆماری تورکیا خۆشحاڵیی دەربڕیوە لە دەست پێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان دامەزراوە پەیوەستەکان بە پلانی کاری ھاوبەش لە پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکاندا و بە پێویستی زانیوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای ھاریکاریی سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەفغانستان جارێکی دیکە بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و ھیوای خواستووە گواستنەوەیەکی نەرمی دەسەڵات رووبدات، ھەروەھا بە پێویستی زانیوە ئەو حکوومەتەی کە پێکدەھێنرێت گشتگیر بێت و نوێنەرایەتی فرە جۆری گەلی ئەفغانیی بکات، باسی لەوەش کردووە، کۆبوونەوەی تاڵیبان لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی کۆماری ئەفغانستان سەبارەت بە قۆناغی راگوزەر، ئومێدبەخشە.
ئەردۆغان لە میانی پەیوەدنییەکەدا لەگەڵ میتسۆتاکیس، ئاشکرای کردووە، ئەگەر نەتوانرێت قۆناغێکی راگوزەر لە ئەفغانستان پێکبھێنرێت، ئەوا فشاری کۆچ کە لە ئێستادا لە ئاستێکی بەرزدایە، زۆر زیاتر ھەڵدەکشێت و ئەو دۆخەش دەبێتە ھەڕەشەیەکی جددیی لەسەر ھەمووان.
ھەروەھا سەرکۆماری تورکیا بە پێویستی زانیوە، یەکێتیی ئەورووپا ھاوکاریی گەلی ئەفغانی لە وڵاتەکەیان و وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بە تایبەتی لە ئێران بکات و ئەگەر لە ئەفغانستان و ئێران رێکاری پێویست نەگیرێتە بەر، ئەوا بە دڵنیاییەوە شەپۆلی نوێی کۆچ روودەدات. جەختی لەوەش کردووەتەوە لەو بارەیەوە لەگەڵ ئێراندا لە پەیوەندییدان و رێکاری زۆرتریان لەسەر سنوورەکانیش لەگەڵ وڵاتەکە گرتووەتە بەر.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە پێویستی زانیوە لە پرسی کۆچدا، ھاریکارییەکان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەرژەوەندیی ھاوبەش بەرەو پێش ببرێن.
ئەردۆغان تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش کە چاوەڕێن یەکێتیی ئەورووپا بەرپرسیارێتییەکانی سەرچاوە گرتوو لە لێک تێگەیشتنی ١٨ی ئادار، بە شێوەیەکی سەرڕاستانە بەجێ بگەیەنێت و راگەیاندنی تورکیا بەوەی کە سێیەم وڵاتی پارێزراوە، بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان لانادات و چاوەڕێن لەوبارەیەوە ھاریکارییەکی سەرڕاستانە ئەنجام بدرێت.