Sangar Hamad Azeez
31 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2016
١٠ سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران کە دووانیان فەرماندەی باڵان، لە شەڕی ناوخۆی سووریادا لە شاری حەلەب کوژران.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فارس، لە شەری ناوخۆی سووریادا هەریەک لە ئەحمەد غولامی و موستەفا رەشیدپوری کە فەرماندەن لە سوپای پاسدارانی ئێران، لە حەلەب گیانیان لەدەستداوە.
ماڵپەری راهینە نور لە هەواڵێکدا ئاشکرایکرد رێورەسمی بەخاکسپاردنی شەش سەربازی ئێرانی سبەینێ لە شاری قوم لە ئێران، بەڕێوەدەچێت.
لەلایەکی دیکەشەوە بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری مەشریق نیوز، دوو چەکداری بەرەگەز ئەفغانی کە لە کەتیبەی فاتیمییونی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون و لە سووریا کوژرابوون، لە شاری مەشهەد بەخاک سپێردران.
لە سەرەتای شەری ناوخۆی سووریاوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ سەربازی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە سووریا کوژراون.