Sarmand Hameed
30 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2018
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی نیمچە دوورگەی کۆریا، سبەی پێنجشەممە سێرگی لاڤرۆڤ سەردانی کۆریای باکوور دەکات.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا کە ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی رووسی بڵاویکردووەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە سبەی پێنجشەممە ٣١ی ئایار سێرگی لاڤرۆڤ سەردانێکی فەرمی بۆ کۆریای باکوور ئەنجام دەدات.
بەپێی بەیاننامەکە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆریای باکوور، لاڤرۆڤ لەگەڵ هاوتا کۆرییەکەی کۆدەبێتەوە و لە میانیدا تاوتوێی پرسە هاوبەشەکان دەکەن، هاوکات لەبارەی دۆخی نیمچە دوورگەی کۆریا بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن.
هەر لە میانی کۆبووونەوەکەدا تاوتوێی ژمارەیەک پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتیی دەکرێت.
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ کۆریای باکوور لە کاتێکدایە کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ لووتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جونگ ئون کە بڕیارە ١٢ی حوزەیرانی داهاتوو لە سینگاپور ببەسترێت.