Emre Gürkan Abay,Ramal Abdullah Mahmood
05 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2017
مۆسکۆ – AA
شەوی رابردوو، شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز گەیشتە مۆسکۆ کە یەکەم سەردانی شایە بۆ رووسیا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
ئەو فڕۆکەیەی شا سەلمان عەبدولعەزیز و شاندی یاوەری لەنێودابوون لە فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆ نیشتەوە.
لە فڕۆکەخانە لە لایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، دیمیتری رۆگۆزین و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، میخائیل باگدانۆڤ پێشوازی لە شای سعوودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز کرا.
لە قۆناغێکدا کە لێکتێنەگەیشتن هەیە لە نێوان سعوودیە و رووسیا لەبارەی رەوشی سووریا و بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران ئەم سەردانە ئەنجام دەدرێت. کە یەکەم سەردانی فەرمی شای سعوودیەیە بۆ رووسیا.
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەو ماوەیەدا رایگەیاندبوو، پێداگرن لە پشتیوانیکردنی قۆناغی کۆکردنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لە لایەن سعوودیە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای رۆسنەفت، ئیگۆر سەچین کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی رووسیایە رایگەیاندبوو دەیانەوێت ببنە خاوەن پشک لە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی سعوودی 'ئارامکۆ' کە پلانی بۆ فرۆشتنی پشکەکانی داناوە لە ساڵی داهاتوودا.
لە لایەکی دیکەوە هەماهەنگی هەردوو وڵات لەبارەی هەوڵەکانی جێگیرکردنی نرخی نەوت بە چاودێری وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک و دەرەوەی ئۆپیک بەردەوامە.
لە میانی سەردانە سێ رۆژیەکەیدا شا سەلمان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دیمیتری مێدڤێدڤ کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پێشهاتەکانی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان و رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەکەن و چارەسەری گرژییەکانی ناوچەکە دەهێننە بەرباس.