Büşranur Keskinkılıç,Ömer Aşur Çuhadar
25 مای,س 2025•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2025
ئیستانبوڵ ــ AA
سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع لە ئیستانبوڵ لەگەڵ باڵێۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا، تۆماس باراک کۆبووەوە.
چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە دوێنێ شەممە، ئەحمەد شەرع و تۆماس باراک لە ئیستانبوڵ کۆبوونەتەوە، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بخەنەڕوو.
ھاوکات سەرۆکایەتی کۆماریی سووریا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرکۆمار، ئەحمەد شەرع و وەزیری دەرەوە، ئەسعەد حەسەن شەیبانی لە ئیستانبوڵ لەگەڵ باڵێۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا، تۆماس باراک کۆبوونەتەوە.
لە بەرامبەردا تۆماس باراک لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای ئاماژەدان بە کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاندووە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بڕیارە بوێرەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ھەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کە ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سووریا، کۆبوونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکەدا، ئەحمەد شەرع ستایشی ھەنگاوە خێراکانی ئەمریکای کردووە سەبارەت بە ھەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و خۆشحاڵی خۆشی نیشانداوە سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی ھەینی ڕابردووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ لەبارەی لێخۆشبوونی ١٨٠ ڕۆژ لە سزاکانی یاسای قەیسەر (بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی مەدەنی لە سووریا) کە خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ سووریا، ھەروەھا بە ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سووریا دڵخۆش بووە".
تۆماس باراک باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دووبارە پاڵپشتی ئەمریکای بۆ گەلی سووریا، دووپات کردووەتەوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی لە ھەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا ئەوەیە، ھەلومەرجێکی گونجاو بۆ گەشەپێدان لە سووریا بڕەخسێنێدرێت.
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕاشیگەیاندووە کە، ھەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە دەپارێزێت، ھەروەھا دەبیتە هۆی ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلی سووریا و تێکشکاندنی یەکجاری داعش.