Ömer Tuğrul Çam
11 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2023
ڤیلنیوس - AA
سەرۆکوەزیرانی سوید، ئولف کریستێرسۆن دەربارەی ئەندامێتی وڵاتەکەی لە ناتۆ ئەوەی خستەڕوو کە سوید دەتوانێت سوودی زۆر بە پەیمانەکە بگەیەنێت و رایگەیاند: "ئێمە بۆ درێژمەودا لێرەین. سوورین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
ئولف کریستێرسۆن لە میانی لووتکەی ناتۆدا، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ ئەنجامداوە و گوتی: "دوێنێ لە پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، هەنگاوێکی گرنگمان نا".
سەرۆکوەزیرانی سوید ئاماژەی بەوەشدا کە دوای ٢٠٠ ساڵ دەیانەوێت بچنە ژێر چەتری پاراستنێکی هاوبەشەوە و گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت هەموو ئەندامانی ناتۆ بزانن کە سوید لە هەمان کاتدا ئاسایش بۆ پەیمانەکە دەستەبەر دەکات. ئێمە بۆ درێژ مەودا لێرەین و سووریشین لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. زۆر شت هەن کە سوید دەتوانێت بە پەیمانەکەی ببەخشێت. زۆر خۆشحاڵم بەو ئەنجامەی دوێنێ بەدەستمان هێنا. ئێستا بەپەرۆشەوە چاوەڕێی دەربڕینی رەزامەندییەکانم".
ئولف کریستێرسۆن جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی پێی باشە پەیوەندی نزیک لەنێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپادا هەبن و رایگەیاند: "پشتیوانی لە فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، نوێکردنەوەی یەکێتیی گومرکەکان و باشترکردنی کاروباری ڤیزا دەکەین. ئەمە زەمینەیەکی بەرهەمدار دەڕەخسێنێت بۆ هەماهەنگی نزیکتر".