Sangar Hamad Azeez
05 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2016
فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا، نەخۆشخانەیەکیان لە شارۆچکەی سەراقیب سەربە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، بۆردومان کرد.
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، بەرپرسی بەرگری شارستانی لە ناوچەکە، حازم حەبیب گوتی: "فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا، نەخۆشخانەی شیفا-یان لە شارۆچکەی سەراقیب سەربە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، بۆردومان کرد و بەهۆیەوە نەخۆشخانەکە تەواو وێران بووە".
ئەو بەرپرسە ئەوەیشی ئاشکرا کرد کەوا بەهۆی بۆردومانەکەوە هاووڵاتییەک بریندار بووە و گوتی: "رووسیا لە ناوچەکە تەنیا نەخۆشخانەکەی بۆردومان کرد، ئەو نەخۆشخانەیە خزمەتگوزاری تەندورستی پێشکەش بە هاووڵاتییانی شارۆچکەکە و گوندەکانی دەورووبەری دەکات. بەڵام بەهۆی بۆردومانەکەوە تەواو وێران بووە".
فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە ٣٠ ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بۆردومانی ئەو ناوچانەی سووریا دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دایە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانە، قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانیان وێران کراون.