Mohammed Baqi Hussein,Muhammet Ali Kemal
20 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2015
وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریكا و كاندیدی پێشبینیكراوی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی 2016 لە ئەمریكا، هیلاری كلینتۆن گوتی: "پێویستە كار لەسەر دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بكەین بۆ كۆتاییهێنان بە كوژرانی خەڵكی سڤیل بەهۆی بۆردومانەكانی هێزی هاوپەیمانان و وڵاتانی دراوسێی سووریا و رژێمەكەی ئەسەد".
لەمیانی وتەیەكیدا كەلە خانەی ئەزموونی نیویۆرك پێشكەشی كرد كلینتۆن باسی لە ستراتیجیەتی كۆتایی هێنان بە داعش و شەڕی نێوخۆیی سووریای كرد.
كلینتۆن رایگەیاند "یەكێك لە كێشەكانی سەرەكی كە رێگرە لەبەردەم بەرەنگاربوونەوەی داعش بەهێزی وشكانی ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆنی سوننەكان بەرەنگاربوونەوەی رژێمی ئەسەد بە پێشینە دەزانن".
كلینتۆن گوتی: "پێویستە لەیادمان نەچێت كە ئەسەد تا ئەمڕۆ زیاتر لەوەی تیرۆریستانی كردۆتە ئامانج، خەڵكی سووری دەكاتە ئامانج".
هەورەها رایگەیاند "پێویستە هەم چارەسەرێكی سیاسیی بدۆزرێتەوە كە حكوومەتێكی نوێ بۆ سووریا لەخۆبگرێت و هەم هانی سوورییەكان بدرێت زیاتر بەرەنگاری داعش ببنەوە".
گوتیشی: "بۆ پشتگیری ئەوان پێویستە بێ دواكەوتن سەرۆك ئۆباما ئەو هێزە تایبەتانەی كە پەسەندی كردووە بنێرێت و تا سووریی زیاتر بەشداری بكەن، پێویستە ژمارەی ئەو هێزانە زیاتر بكەین. هەروەها پێویستە هەوڵەكانمان بۆ هاوكاری كردن و پڕچەككردنی ئۆپۆزسیۆنی گونجاوی سووریا بخەینەوە گەڕ و چاكسازی تێدا بكەین".
كلینتۆن بەمجۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: "پێویستە زیاتكردنی پشتگیرییەكانمان لەگەڵ زیادكردنی پشتگیریی هاوپەیمانانی عەرەب و ئەوروپی بێت. پێویستە ئەو پشتگیرییانە هێزەكانی تایبەتی مەیدانی جەنگیش لەخۆبگرێت. هەروەها پێویستە كار لەسەر دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بكەین بۆ كۆتاییهێنان بە كوژرانی خەڵكی سڤیل بەهۆی بۆردوومانەكانی هێزی هاوپەیمانان و وڵاتانی دراوسێی سووریا و رژێمەكەی ئەسەد. بەوجۆرە دەتوانرێت بەهاوكاری هێزی هاوپەیمانان ناوچەی ئارام پێكبهێنرێت و سوورییەكان لەجیاتی هەڵاتن بۆ ئەورووپا، لەوڵاتەكەیاندا دەمێننەوە".
- "پوتین دۆخەكە خراپتر دەكات"
كلینتۆن پێیوایە ئەو كارە دەبێتە یاریدەدەری ئۆپۆزسیۆن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی لە سنوورەكانی توركیا - سووریا بەدەستی داعشەوەن.
ناوبراو لەبارەی چۆنێتی كۆتاییهێنان بە جەنگی نێوخۆی سووریاوە ئەزموونەكانی لوبنان و بۆسنەی وەبیرهێنایەوە و گوتی:"رووسیا و ئێران، پێویستە لەو راستییە تێبگەن كە پشتگیری كردنی ستەمكارێكی دیكتاتۆر سەقامگیری دەستەبەر ناكات. بەداخەوە لەئێستادا سەرۆكی رووسیا پوتین دۆخەكە خراپتر دەكات".
كلینتۆن ئاماژەی بەوەیش دا كە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی لەدەستی داعش دایە، پێویست بە ئۆپەراسیۆنی وشكانیش دەكات.
كلینتۆن گوتی: "من وەك سەرۆك ئۆباما پێموانییە 100 هەزار سەربازی ئەمریكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستبێت. ئەمە كارێكی ژیرانە نییە. ئەگەر شتێك لە شەڕی عێراق و ئەفغانستان فێربووبین كە ماوەی 15 ساڵە درێژەیان هەیە ئەوەیە، كە پێویستە خەڵكی ئەو وڵاتە خۆی سەقامگیری دەستەبەر بكات. دەكرێت و پێوستە هاوكارییان بكەین، بەڵام پێوستە شوێنیان نەگرینەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا كە گەیشتن بەو ئامانجە لە عێراق بەربەستی زۆری لەبەردەمدایە و پێویستە سوپای ئەمریكا سوپای عێراق بهێنێتە ئاستێك كە بتوانێت بجەنگێت.
- ''لەسەردەمی حكوومەتی مالیكیدا سوننەكان ناپاكییان بەرامبەر كرا''
كلینتۆن بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی لەدژی داعش تەنها ئەگەر بێت و سوننەكان بەبەشدارییەكی زیاتری تێدا بكەن سەركەوتوو دەبێت و گوتی: ''بەڵام ئەمە بەبێ ئەوەی سوننەكان باوەڕبەوە بهێننكە لەوڵاتەكەیاندا بەشیان هەیە و متمانە بە تواناكانیان لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا، نایەتە دی. لەعێراق پێشتریش تووشی حاڵەتێكی لەم جۆرە ببووین. لەكاتی یەكەم 'یاخیبوونی سوننەكان' لە ساڵی 2007دا ئەوان بۆ ئەوەی لەبەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی قاعیدەدا بەشداربن لەگەڵمان، ئێمە توانیبوومان پشتیوانی و متمانەی پێویست بدەینە هۆزەكانی سوننە. بەداخەوە، لەسەردەمی سەرۆكوەزیران نوری مالیكیدا ئەم هۆزانە ناپاكییان بەرامبەر كرا و لەبیربرانەوە. هێنانە ناوەوەی سوننەكان بۆ نێو ئەم بەرەنگارییە زۆر قورستر دەبێت لەوەی پێشوو. دیسان پێویستمان بە دانانی بناغەی 'یاخیبوونی سوننەكان' بۆ جاری دووەم هەیە. ئێمە پێویستە فشار بكەین بۆ ئەوەی پێكهاتەی حكوومەتی بەغدا لەرووی سیاسییەوە رێكبخرێتەوە، لایەنەكان بخرێنە سەر رێگەی پرۆسەی سازان و سوپایەكی نیشتمانی پێكبهێنرێت. پێویستە بەغدا ئەوە قبووڵ بكات كە دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا هێزی كوردی و سوننەكان پڕچەك بكات. ئەگەر هاتوو بەغدا ئەمەی نەكرد، ئەوا هاوپەیمانان پێویستە بیكەن''.
هیلاری كلینتۆن لە ستراتیجی بەرەنگاربوونەوەیەی داعشدا كە ئاشكرای كردووە، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی توركیا و وڵاتانی عەرەبی كرد و گوتی: "هەوڵەكانمان تەنها لەرێگەی بینینی رۆڵی زیاتر لەلایەن تورك و عەرەبەوە دەگاتە سەركەوتن. ئەمە جەنگی ئەوانە و پێویستە بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هەنگاو بنێن''.
كلینتۆن گوتی:"لە راستیدا توركیا مێژوویەكی پڕ ئازار و درێژی لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی هەیە بەڵام هەڕەشەی داعش چاوەڕێی هیچ شتێك ناكات. چەند قورس دەبێت با ببێت پێویستە ئێمە ئەوە فەراهەم بكەین كە توركیا بۆردومانكردنی جەنگاوەرە كورد كە لەدژی داعش لە سووریا دەجەنگن رابگرێت و ببێتە هاوبەشێكی تەواوەتی ئەو بەرەنگارییەی هاوپەیمانان لەدژی داعش بەڕێوەی دەبەن''.
- كاردانەوە دژی كۆمارییەكان لەبارەی دژایەتیكردنی پەنابەرانەوە
كلینتۆن كاردانەوەی توندی بەرامبەر بەو كەسانەی خۆیان وەك كاندید بۆ سەرۆكایەتی لەسەر لیستی كۆمارییەكان و ئەو پارێزگارانە دەربڕی كە بەهۆی ''هەڕەشەی تیرۆر''ەوە دژی وەرگرتنی پەنابەرانی سوورین یاخود لەگەڵ ئەوەدا تەنها پەنابەرانی مەسیحی وەربگیرێن و گوتی: "ئێمە ناتوانین رێگە بە تیرۆریستان بدەین ئەوەندە بماتۆقێنن كە واز لە بەها و لێپرسراوێتییە مرۆییەكانمان بهێنین. گەڕاندنەوەی هەتیوەكان، جیبەجێكردنی تاقیكردنەوەی ئایینی، جیاكاری دژی موسوڵمانان، داخستنی دەرگا بەرووی هەموو پەنابەرانی سووریدا، ئەوە ئێمە نین كە وا دەكەین. ئێمە لەوە باشترین''.