Zana Natık Kerem
04 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2019
تەرابلوس ــ AA
راگەیەندرا کە ھێزەکانی حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا دانی پێدانراوە، پێنج چەکداری سەربە ھێزەکانی جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر-یان لە باشووری تەرابلوس بەدیلگرتووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی "گڕکانی تووڕەیی" سەربە ھێزەکانی حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە ھێزەکانیان لە میحوەری وادی رەبێع باشووری تەرابلوس پێشڕەویی بەرچاویان کردووە، ھەروەھا پێنج چەکداری سەربە ھێزەکانی جەڕاڵ خەلیفە حەفتەر-یان بەدیلگرتووە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
تا ئێستا ھێزەکانی سەربە جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر ھیچ روونکردنەوە و زانیاریەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
لە ٤ی مانگی رابردوودا، ھێزەکانی سەربە جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا دەستپێکرد و لە بەرامبەردا، لە حەوتی مانگی رابردوودا گوتەبێژی ھێزەکانی سەربە حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لیبیا، عەقید محەمەد قنونو دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لەژێرناوی "گڕکانی تووڕەیی" بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێزەکانی خەلیفە حەفتەر راگەیاندبوو.
لەئێستادا شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی سەربە جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر و ھێزەکانی سەربە حکوومەتی تەبایی نیشتمانی لە دەورووبەری شاری تەرابلوس بەردەوامە.