Enes Canlı
02 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2018
تونس - AA
دوای ئەوەی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون ئاماژەی بەوەکرد کە ''پێویستە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ داگیرکاریی نەگۆڕێت'' و لەبەرامبەر وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کاردانەوەی بەرامبەر بە گوتەکانی ناوبراو نیشاندا، ماکرۆن سەبارەت بە گوتەکانی چاوشئۆغڵو رایگەیاند: ''رەنگە بە مانای ئەوە بێت کە تورکیا لەو شوێنەی لە ئێستادا تێیدایە زیاتر پێشڕەویی نەکات یان ئامانجی ئەوە نییە کە ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکە بمێنێتەوە''.
ئیمانوێل ماکرۆن دوای سەردانەکەی بۆ تونس و بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ داکاری پایتەختی سەنیگال، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەبارەت بە گوتەکانی چاوشئۆغڵو لەبارەی لێدوانەکەی خۆی کە پێشتر رایگەیاندبوو ''پێویستە ئۆپەراسیۆنی عەفرین بۆ داگیرکاریی نەگۆڕێت'' قسەیکرد و رایگەیاند:
''دەمەوێت ئەوە بڵێم کە کاردانەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا رەنگە بە مانای ئەوە بێت کە ئۆپەراسیۆنەکە لەپێناو ئەوەدا بێت کە ئاسایش لەسنوورەکان دەستەبەربکرێت، بەو واتایەش دێت کە تورکیا لەو شوێنەی لە ئێستادا تێیدایە زیاتر پێشڕەویی نەکات یان ئامانجی ئەوە نییە کە ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکە بمێنێتەوە''.
ماکرۆن باسی لەوەکرد ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا لەسەر سنوورەکانی بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەنجامیان دەدات ''مافێکی رەوای خۆیەتی'' بەڵام ''ئەگەر هات و ئاراستەی ئۆپەراسیۆنەکان گۆڕان و داگیرکارییان لێکەوتەوە، ئەوا کاردانەوەکان جیاواز دەبن''.
پێشتر وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کاردانەوەی بەرامبەر گوتەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن نیشان دا کە رایگەیاندبوو ''پێویستە ئۆپەراسیۆنی عەفرین بۆ داگیرکاریی نەگۆڕێت'' و رایگەیاند ''فەڕەنسا و نەمسا و ئەم و ئەو، باسی بابەتی ئەرمەنییەکان بکەن چی دەبێت، نەیکەن چی دەبێت. لە فەڕەنسا باسی یاسا دەکەن، دادگای دەستووریی فەڕەنسا بڕیاری زۆر روون و ئاشکرای هەیە. دوو بڕیاری هەیە، ئەگەر فەڕەنسا باوەڕی بە یاسا هەیە، نابێت ئەم بابەتانە بکاتە رۆژەڤ''.