Bayram Altuğ,Ramal Abdullah Mahmood
02 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2018
جنێڤ – AA
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند لە ئاکامی وەرگەڕانی بەلەمێک لە سنوورە ئاوییەکانی لیبیا نزیکەی ٩٠ کۆچبەر گیانیان لەدەست دا کە زۆربەیان پاکستانین.
گوتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئۆلیڤیا هیادۆن لە رێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی نووسینگەی جنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و رایگەیاند کە لە ئاکامی هەڵگرتنی ژمارەیەکی زیاد لە رادەی کۆچبەران بەلەمێک لە سنووری ئاوی زووارە کە دەکەوێتە رۆژئاوای لیبیا، وەرگەڕاوە.
هیادۆن تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بە پێی زانیارییەکانی نووسینگەی لیبیای رێکخراوەکەیان لە ئاکامی ئەو رووداوەدا لانی کەم٩٠ کەس خنکاون.
هیادۆن ئاماژەی بەوە دا کە تەرمی ١٠ لە کۆچبەرەکان شەپۆلەکانی ئاو بردوونیەتە کەناراوەکان، گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکان دووان لەوانە لیبین و هەشتەکەی دیکەیشیان پاکستانین. یەکەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی لیبیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕان و دۆزینەوە و رزگارکردنی کۆچبەرەکانی دیکە".
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستە روو کە زۆربەی کۆچبەران هاووڵاتی پاکستانین و دوو کۆچبەری ناو بەلەمەکە بە مەلەم خۆیان رزگارکردووە و گەیشتوونەتە کەنار و کۆچبەرێکی دیکەش لە لایەن بەمەلێکی راوەماسییەوە رزگارکراوە.
هایدۆن سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەمساڵدا لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە ٢٤٦ کەس و شەش هەزار و ٦٢٤ کەسیش توانیوویانە بگەنە ئەورووپا.