Emre Gürkan Abay,Muhammet Ali Kemal
03 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2019
مۆسکۆ- AA
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسكۆڤ سەبارەت بەو ئاگرەی کە لە ژێردەریایی تایبەت بە ئەنجامدانی توێژینەوە کەوتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٤ دەریاوانی رووسی، رایگەیاند "هەندێک زانیاریی سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکە نهێنی دەوڵەتن و راناگەیەنرێن".
دمیتری پێسكۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین خاوەن هەموو زانیارییەکانی پەیوەست بە رووداوی کەوتنەوەی ئاگرەکەیە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٤ دەریاوان.
گوتەبێژی کرملین باسی لەوەشکرد بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاریی سەبارەت بە رووداوەکە بۆ رایگشتیی زۆر ئاساییە و گوتی: "هەندێک زانیاریی سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکە نهێنی دەوڵەتن و راناگەیەنرێن. شاردنەوەی هەندێک زانیاریی لەبەر بەرژەوەندیی دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانیی بە مانای ئەوە نایەت کە شتگەلێکی نایاسایی بوونی هەیە".
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسكۆڤ ئەو دەنگۆیانەی بە درۆخستەوە کە باس لە بوونی کارلێککاری ئەتۆمیی لە ژێردەریاییەکەدا دەکەن و گوتی: "ئەمە بابەتی وەزارەتی بەرگریی رووسیایە".
دوێنێ وەزارەتی بەرگریی رووسیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردبوویەوە و ئاشکرایکردبوو کە لە ژێردەریایی تایبەت بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەبارەی زەریاکان سەربە هێزی دەریایی رووسیا، رۆژی یەکی تەمووز ئاگرکەوتووەتەوە.