Muhammet Kurşun,Muhammet Ali Kemal
09 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2019
تاران- AA
لە شارۆچکەی وەرامینی سەربە تارانی پایتەختی ئێران، ژنانی بەندکراو لە گرتووخانەیەک، بەهۆی ئەوەی ئەو بڕیاری لێخۆشبوونەی دەرکراوە، ئەوانی نەگرتووەتەوە، پشێوییان سازکرد.
پەرلەمانتاری ئێرانی، مەحمود سادقی کە بە نزیکیی لە باڵی ریفۆرمخوازەکان دەناسرێت، لە روونکردنەوەیەکدا کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکراوە ژنانی بەندکراو لەسەر تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لە گرتووخانەی قەرچەک، ناڕەزایەتییان نیشانداوە بەهۆی ئەوەی بڕیاری لێخۆشبوون ئەوانی نەگرتووەتەوە.
مەحمود سادقی رەخنەی لە کاربەدەستان گرتووە و جەختی لەوەکردووەتەوە هیچ کەس لەوبارەیەوە زانیاریی نەداوە، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەش لەگەڵ گەیشتنی زانینی ئەوەی کە بڕیارەکە ئەوانیش دەگرێتەوە، ژنەکان دەستبەرداری نانەوەی پشێویی بوون و رووداوەکان کۆتاییان هاتووە.
لەو دیمەنانەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەوە دەبینرێت کە دووکەڵ لە گرتووخانەکەوە بەرزدەبێتەوە.
هاوکات عەلی رەزا رەوشەن کە سەربە تەریقەتی گونابادییە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باسی لەوەکردووە کە بەهۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستیی یەکێک لە بەندکراوەکان و نەبوونی چارەسەری پزیشکییەوە، ئەوانی دیکەیان دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکرێژیان دژی ژنە بەندکراوەکان بەکارهێناوە و لەبەرامبەریشدا بۆ نەهێشتنی کاریگەریی گازەکە، ژنە بەندییەکان جل و بەتانییان سووتاندووە.