Ruslan Rehimov
13 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2022
باکو - AA
لە سنووری ئازەربایجان-ئەرمینیا، شەڕ و پێکدادانی چڕ لەنێوان یەکە سەربازییەکانی هەردوو وڵاتدا سەریهەڵدا.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند کە سوپای ئەرمینیا کاتەکانی ئێوارە لە سنووری داشکەسەن، کەلبەجەر و لاچین بەشێوەیەکی فراوان کاری ئیستیفزازی کردووە و هێرشی ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە گرووپە تێکدەرەکانی سوپای ئەرمینیا بە ئاڕاستەی جیاواز مینیان لە زەوی و رێگاکانی نێوان پێگەکانی سوپای ئازەربایجان داناوە. لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەی یەکە سەربازییەکانی ئازەربایجان گرتوویانەتەبەر شەڕ و پێکدادان هەڵگیرساوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای ئەرمینیا لە پێگەکانی خۆیەوە لە پارێزگاکانی باسارگەچەر، ئیستیسو، کاراکلیسە و گۆرسو-ەوە بە هاوەن و چەکی جۆراو جۆرە پێگەکانی سوپای ئازەربایجانی لە پارێزگاکانی داشکەسەن، کەلبەجەر و لاچین بۆردومان کردووە. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، زیانی گیانی لەنێو سەربازان و زیانی ماددیش لە ژێرخانی سەربازییدا روویداوە.
هاوکات ئەوەیش باس کراوە کە سوپای ئازەربایجان رێوشوێنی پێویستی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی سوپای ئەرمینیا لێیانەوە تەقە دەکات بێ دەنگ بکات و رێگری بکات لە فراوانبوونی زیاتری شەڕ و پێکدادانەکان. ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەنێو سوپای ئەرمینیادا زیانی گیانی و ماددییش کەوتووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە حکوومەتی یەریڤان تەواو بەرپرسیارە لە پێکدادان و ئەو زیانانەی بەو هۆیەوە دروست بووە، رای گشتیش لە زانیاری زیاتر ئاگادار دەکرێتەوە.