Mohammad Kara Maryam
12 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە ــ AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە یۆنان بەردەوامە لە نانەوەی کێشە و بەرپرسیارێتی دەرئەنجامی ھەر سەرکێشییەک لە ئەستۆ دەگرێت ئەگەر لە بەرژەوەندی لایەنەکانی دیکە ئەنجامی بدات.
مەولود چاوشئۆغڵو لە گوتەیەکدا کە لە چالاکییەکدا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو تیایدا باسی لە ھەڵوێستەکانی ئەم دواییەی یۆنان دژبە تورکیا کرد و گوتی: "لە کاتێکدا ئێمە ھەوڵدەدەین رێز لە مافی دراوسێیەکان لە ھەردوو بەری دەریای ئیجە بگرێن، بەڵام ھێشتا یۆنانییەکان بەردەوامن لە نانەوەی کێشە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەکانی ئاراستەی یۆنان کرد و گوتی: "ئەگەر ھەر سەرکێشییەک بۆ بەرژەوەندی لایەنەکانی دیکە ئەنجام بدەن، ئەوا ئێوەیە رووبەڕووی ئەو دەرئەنجامانە دەبنەوە وەک لە رابردوودا روویدابوو، ئەمەیش ھۆشدارییەکە بۆ دراوسێکەمان".
مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند "پێویستە ھەمووان وریا و ژیربن و بە تایبەتیش بە یۆنان دەڵێن؛ مەبنە داشی لایەنەکانی دیکە".
داوایشی لە یۆنان کرد کە واز لە ورووژاندنەکان بھێنێت، چونکە دوژمنایەتیکردنی تورکیا مەترسیدارە.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوەش کرد کە تورکیا لەڕێگای سیاسەتی دەرەوەی پێشەنگییەوە بەرگریی لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام وریایە بەرامبەر بەو لایەنانەی کە نیازی خراپ و پلانی نەگریسیان ھەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند کە تورکیا چەندین پڕۆژەی ھەیە بۆ بەشدارییکردن لە ئاشتیی و خۆشگوزەرانی لەسەر ئاستی ھەرێمیی و جیھانیی و گوتی: "ھەر کاتێک قەیران لە جیھانی سەرھەڵبدات، ھەموو چاوەکان روو لە تورکیا دەکەن".