Zafer Fatih Beyaz
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان نامەی ئاراستەی یەک بە یەکی سەرۆکی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا و سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کرد و باسی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد لەبارەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پێشنیارەکانی بۆ چارەسەری کێشەکان.
بەپێی ئەو زانیارییەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە لە نامەکەدا کە جگە لە یۆنان و بەشە رۆمیەکەی قوبرس، ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا کراوە، سەرکۆماری تورکیا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا بۆ تورکیا هەمیشە کاری لەپێشینە بووە و ئەو بابەتەش لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاک پارتی-دا مەودای زۆر گرنگیی بڕیوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کردووە کە پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپا، ٦٠ ساڵ زیاترە بە تاقیکردنەوەیەکی سەختدا تێپەڕ دەبێت و رایگەیاندووە:
''لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی پێشهاتەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە پەیوەندییەکانمان رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی نوێ بووەتەوە. دەمەوێت لەم نامەیەدا هەڵوێستی تورکیا لەبارەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پێشنیازەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانتان پێ رابگەیەنم. سیاسەتمان لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دوو ئامانجی سەرەکی هەیە؛ یەکەمیان سنووردارکردنی مەودای دەسەڵاتی دەریاییە بەشێوەیەکی رەوا و دادپەروەرانە لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە گونجاوبێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی دەسەڵات و مافی سەروەریمان لە قەڵەمڕەوی یاساییدا. دووەم ئامانجمان گەرەنتیکردنی مافی یەکسان و بەرژەوەندییەکانی تورکەکانی قوبرسە وەک هاوبەشێکی یەکسانی دوورگەی قوبرس لەسەر سەرچاوەکانی هایدرۆکاربۆنی دوورگەکەدا''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها راشیگەیاندووە ''لە چوارچێوەی ئەو ئامانجانەماندا تورکیا هاریکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کردووە، سەرچاوەکانی هایدرۆکاربۆنی بە شێوەیەکی رەوا و دادپەروەرانە بەشکردووە، ئارەزوومەندی بوونی ناوچەیەکی هاریکاریە کە تیایدا ئاشتی و سەقامگیریی بەرقەراربێت. وەک چۆن خەڵووز و پۆڵا خاڵی دەرچەی یەکێتیی ئەورووپای پێکهێناوە، ئاواتەخوازین هایدرۆکاربۆن بنەمای چارەسەر لە قوبرس و یەکێتیی ئەورووپای گەورە پێکبهێنێت''.
- ''هۆکاری گرژیەکە تورکیا نییە، یۆنان و قوبرسی رومە''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هۆکاری ئەو گرژیەی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست درێژەی هەیە تورکیا نییە، بەڵکو یۆنان و قوبرسی رومە ، رایگەیاندووە ''ئەو دۆخەی ئێستا تێیداین بەهۆی حساب نەکردنی یۆنان-رۆمە بۆ تورکیا و تورکەکانی قوبرس، هەڵنانی هەنگاوی تاک لایەنە، دروستکردنی رووداو و بێ هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تەنها تەماشاکەرە. بەشە رۆمیەکەی قوبرس کە بەبێ چارەسەرکردنی بابەتی قوبرس کراوەتە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بەبێ حسابکردن بۆ تورکەکانی قوبرس لە ساڵانی ٢٠٠٣، ٢٠٠٧ و ٢٠١٠دا رێککەوتنی سنووری دەریایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٧دا، مۆڵەتی کێڵگەکانی دیارییکردووە، بووەتە هۆی پێشێلکاری نێودەوڵەتیی و لە ساڵی ٢٠١١دا، یەکەم کاری هەڵکەندنی ئەنجامداوە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کردووە کە یۆنان لەگەڵ بەشە رۆمیەکەی قوبرس بەیەکەوە یەکێتیی ئەورووپایان بەکارهێنا بۆ قایڵکردنی تورکیا بە (نەخشەی سێڤیلیا) کە ئامانج لێی زیندانیکردنی تورکیایە بۆ کەنداوی ئانتالیا، بانگەشەی ئەوەش دەکات کە ئەو سنوورانە سنووری نیشتمانیی و سنووری دەرەوەی دەریایی یەکێتیی ئەورووپان و رایگەیاندووە ''یۆنان/رۆم هەردووکیان بەوەشەوە نەوەستان، میکانیزمێکیان لەژێر ناوی کۆڕبەندی غازی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دژبە تورکیا و تورکەکانی قوبرس رێکخست، هەروەها لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، میکانیزمی سێقۆڵی و چوارقۆڵی پێکهێنا دژبە تورکیا. تورکیاش بەچڕی تیشکی خستووەتە سەر هەوڵی دیپلۆماسیی لە پێناو پاراستنی مافەکانی خۆی و تورکەکانی قوبرس لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەڵام کاتێک بانگەوازەکانمان بۆ دیالۆگ و هاریکاری ئەنجامی نەبوو، دوای حەوت ساڵ چاوەڕوانی لە ساڵی ٢٠١٨دا، دەستکرا بە گرتنەبەری هەنگاو لە گۆڕەپانەکەدا''.
- ''خواستی راگرتنی چالاکییەکانی هایدرۆکاربۆن ناڕەوا و نادادپەروەرانەیە''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کردووە کە تورکیا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە رەوایی و دادپەروەرانە مەودای دەسەڵاتی دەریایی سنووردارکردووە و رایگەیاندووە ''دەمەوێت جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە بەبێ پێش مەرج ئامادەی دیالۆگین لەگەڵ یۆناندا. سەرنجتان بۆ ئەوە رادەکێشم کە هەر لەسەرەتاوە پشتیوانیمان کردووە لە هەوڵی سکرتێری گشتیی ناتۆ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هەروەها لەو باوەڕەدام کە دروستکردنی کۆڕبەندێکی گشتگیری هاریکاریی وزە کە هەموو لایەنەکان لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کۆبکاتەوە بە تورکەکانی قوبرسیشەوە زۆر بەسوود دەبێت. تورکیا هەموو جۆرە پشتیوانیەک لەو هەنگاوانە دەکات کە لەو رووەوە دەنرێن''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لە کۆتایی مانگی تەمووزدا لەسەر تکای سەرۆکی ئەوکاتەی یەکێتیی ئەورووپا کە ئەڵمانیا بوو، تورکیا هەڵوێستێکی نیاز باشی نیشاندا، بەڵام لە بەرامبەردا یۆنان لە شەشی ئابدا لەگەڵ میسردا رێککەوتنی سنووردارکردنی واژووکرد کە ئەوەیش بێمتمانەیی زیاد کرد و رایگەیاند ''لە کاتێکدا وڵاتانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەخێرایی بەردەوامن لەسەر بەرنامەکانی هایدرۆکاربۆن و چالاکییەکانیان و لە کاتێکدا هاوپەیمانی شەڕ دژبە تورکیا درێژەی هەیە و تورکەکانی قوبرس حسابیان بۆ ناکرێت، کەس چاوەڕوانی ئەوە نەکات تورکیا کە خاوەن درێژترین کەناردەریایە لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا لە سنوورە ئاوییەکانی خۆیدا قەتیس بمێنێت''.
راشیگەیاندووە ''ئێمە هەمیشە ئامادەی دیالۆگ و هاریکاری بووین. ملمان کەچ نەکردووە بۆ ئەو سەپاندنانەی ویستراوە لە رێگەی یەکێتیی ئەورووپاوە بەسەرماندا بدرێت. چاومان لە مافی کەس نییە، بەڵام هەم مافی خۆمانمان پاراستووە هەمیش وەک وڵاتێکی گەرەنتیکار مافی تورکەکانی قوبرسیشمان پاراستووە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەوە. دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە و دادپەروەرانە بۆ بابەتەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموومانە. لەبەرئەوە دەبێت پشتیوانی بکرێت لە هاریکاریی و دیالۆگ، دەبێت خۆبەدوور بگیرێت لەو هەنگاو و بڕیارانەی دەبنە هۆی قورسترکردنی ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها لە نامەکەیدا دەڵێت ''خواستی راستگۆی ئێمە نوێکردنەوەی هاوپەیمانی ١٨ی ئادارە بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکانی رۆژ و پێشخستنی قۆناغ بە قۆناغی پەیوەندییەکانی تورکیا-یەکێتیی ئەورووپایە لەژێر رۆشنایی بەرژەوەندیە هاوبەشەکاندا بە هەموو ئاراستەکانیەوە''.