Abdulhameed Husseın Karam
13 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نورەددین سەعید وەیسی بەشداری لە ھەڵبژاردنی "وێنەی ساڵ"ی ئاژانسی ئانادۆڵودا کرد.
نورەددین سەعید وەیسی لە چوارچێوی دیاریکردنی "وێنەی ساڵ"ی پەیامنێران و فۆتۆگرافەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو پەیوەست بە رۆژەڤەکانی تورکیا و جیھان لە کۆمەڵەی ھەواڵدا، فۆتۆیەکی پەیامنێر فەیسەل خان لەژێر ناونیشانی "ئافرەتی کشمیری" ھەڵبژارد.

وێنەی "ئافرەتی کشمیری" ساتی پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانی هیندستان و شۆڕشگێڕاندا نیشان دەدات کە ترس و دڵەراوکێ لەنێو ھاووڵاتییانی مەدەنیی ناوچەکەدا ناوەتەوە.
نورەددین سەعید وەیسی گوتی: "ئەم وێنەیە زۆر واتادارە، دیمەنی ئەو ئافرەتە ئێش و ئازاری خەڵکی کشمیر نیشان دەدات، بە تایبەتی کە زۆربە کەمی لە میدیای ناوچەکەدا، ھەواڵ و وێنەی لەم شێوەیە بڵاودەکرێنەوە، لەوانەشە زۆر وێنەی دیکەش جێ سەرەنج بن، بەڵام ئەو وێنەیە وەسف و دەرخستنی زۆری رەوشی دانیشتوانی کشمیری تیادایە".
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمەڵەی ژیان-یش فۆتۆی پەیامنێر باند کەنعان بەناونیشانی "بێدەنگی مەککە لە سایەی کۆرۆنادا" ھەڵبژارد، وێنەکە لە چوارچێوەی رێوشوێنانەکانی بەرگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە سعوودیە و بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆ کە لە ٢٠ی ئازارەوە چوو بواری جێبەجێکردنەوە چرکێنراوە و تیایدا دەردەکەوێت کە بێدەنگی باڵی بەسەر مزگەوتی حەرامدا کێشاوە.
لە بارەی ھەڵبژاردنی وێنەکەیش نورەددین سەعید وەیسی گوتی: "ئەمەش کاریگەری کۆرۆنا بەسەر ژیان و ھەموو جیھاندا نیشان دەدات".

بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمەڵەی وەرزش-یش فۆتۆی پەیامنێر فیکری بارلیک بەناونیشانی "مەیدانی پلاستیکی تۆپی بالە"ی ھەڵبژارد.
نورەددین سەعید وەیسی لە بارەی ھەڵبژاردنی ئەو وێنەیەش گوتی: "دروستکردنی ئەو مەیدانە پلاستیکییە، ھەست و ھێزی منداڵان نیشان دەدات کە دەتوانن لە ھەر شتێک کە لەبەر دەستیان بێت داھێنان بکەن و بەکاری بھێنن".

وێنەگران و پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بوارەکانی ھەواڵ، ژیان و وەرزش، پەیوەست بە رۆژەڤی تورکیا و جیھانەوە بەگوێرەی دەنگدان، "وێنەی ساڵ" دیاریی دەکەن.
بۆ یەکەمجار ئاژانسی ئانادۆڵو لە ساڵی ٢٠١٢دا، مەراسیمی تایبەت بە ھەڵبژاردنی "وێنەی ساڵ"ی رێکخست، ئەمساڵیش ئاژانسی ئانادۆڵو ، ٧٦ وێنەی جوگرافیا جیاجیاکانی جیھانی خستە دەنگدانەوە و بەگوێرەی دەنگەکان، وێنەی ساڵ دیاریی دەکرێت.
لە کێبڕکێی کولتووری "وێنەی ساڵ"دا، ٣١ وێنەی تایبەت بە ھەواڵ، ٣٠ وێنەی تایبەت بە ژیان و ١٥ وێنەی تایبەت بە بواری وەرزش ھەن.
ساڵی رابردوو، ٢٧٩ کەس بەشداری کێبڕکێکەیان کردبوو و کێبڕکێکە تا ٣١ی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو.