Mazın Asad
04 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2017
لە ماڵپەری دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا (CIA) چەندین بەڵگەنامەی نھێنێ بە رووی بەکارھێنەرانی ئینتەرنێت کردەوە کە تێدا دەرکەتووە لەجیاتی بە ئەندامبوونی تورکیا لە ناتۆ، لایەنەکان رێککەوتن لەسەر ئەوەی تورکیا تەنھا داوەتی کۆبوونەوەکانی پلاندانی سەربازیی لە ناتۆ بکات بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە دەریای سپی.
مێژووی بەڵگەنامەکان بۆ ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٥٠ دەگەڕێتەوە کە CIA بە ناونیشانی "زۆر نھێنێ" بڵاو کردووەتەوە و تێدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٠ وڵاتانی ئەورووپا ھەستیان بە لاوازبوونی ھێزەکانیان کردووە، کەچی نەیانویستووە لە رووی جوگرافییەوە ناتۆ فراوان بکرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە جیاتی بە ئەندامبوونی تورکیا و یۆنان لە ناتۆ، ھەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا رێککەوتوون لەسەر داوەتکردنی ھەردوو وڵات لە کۆبوونەوەکانی پلاندانانی سەربازیی ناتۆ.
لە نووسراوە هەواڵگرییەکەدا بەناوی "پێشهاتەکان لە کۆریا" ئاماژەی بەوە داوە تورکیا بێهوا بووە لەوەی دوای جەنگی کۆریا نەخراوەتە ناو ناتۆ. تیایدا هاتووە "هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر رۆژئاوا جێگیرە و ئەگەری گۆڕانکارییەکی گرنگ لاوازە".
نووسراوەکە باسی لەوەش کردووە پێشبینی ئەوە دەکرێت رەتکردنەوەی کردنە ئەندامی تورکیا لە ناتۆ لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەوکاتە لە تورکیا جەهەپە وەک ئامرازی پڕوپاگەندەکردن بەکار بهێنرێت. تیایدا هاتووە: "بەڵام ئەگەر لەکاتی بەشداریکردنی تورکیا لە کۆبوونەوە سەربازییەکانی ناتۆ پڕوپاگەندە بکرێت بەر لەوەی گورزی کوشندە لە متمانەی حکوومەت بدرێت پێویستە لەم کارە دوور بکەوێتەوە".
تورکیا ساڵی ١٩٤٩ ویستی ببێتە ئەندامی ناتۆ، لە ساڵی ١٩٥٠ لەسەردەمی ئیدارەی عەدنان مەندەرەس پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا بە ناردنی سەرباز بۆ جەنگی کۆریا لە ژێر فەرماندەیی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥١ بڕیار درا بە بوونە ئەندامی تورکیا و یۆنان لە ناتۆ. لە ١٨ی شوباتی ١٩٥٢ش تورکیا بە فەرمی بووە ئەندامی ناتۆ.