Muhammet Ali Kemal
19 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2017
واشنتۆن- AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی، ئاشکرایکرد ئەگەر بێتو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەستبەرداری رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بهێنێت، ئەوا ئەمریکا "باجی قورس"ی ئەو وازهێنانە دەدات.
حەسەن روحانی کە بەمەبەستی بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
روحانی رایگەیاند: ''هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەیەکی لەوجۆرە لە لایەن ئەمریکاوە، باجی قورسی بۆ ئەو وڵاتە دەبێت، بە سوودی ئەمریکییەکان تەواونابێت، هەربۆیە پێموایە خوازیاری دانی باجێکی ئەوەندە قورس نیین''.
سەرکۆماری ئێران ئاشکراشیکرد لە حاڵەتی دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ناوەکییەکە، متمانەی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەمدەبێتەوە و گوتی: ''بەلەبەرچاوگرتنی هەڵوێست و کاردانەوە پێشبینینەکراوەکانی ترەمپ، ئێمەش بیرمان لەوە کردووەتەوە لە حاڵەتی دەستبەرداربوونی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کاردانەوەیەکی چەند توندمان هەبێت''.
حەسەن روحانی بەپێویستی زانی ئیدانەی کۆمەڵکوژییەکانی حکوومەتی میانمار دژ بە موسڵمانە رۆهینگییەکان بکرێت.
ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەوەی پێویستە ئەو هاوکارییە مرۆییانەی بۆ موسڵمانە رۆهینگییەکان رەوانە دەکرێت بۆ حکوومەتی بەنگلادش بنێردرێت نەک بۆ میانمار و بگەیەنرێتە کەمپەکانی پەنابەرە موسڵمانەکان.
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و قاعیدە دەتوانن ''بە خراپ سوود'' لە موسڵمانە رۆهینگییەکان وەربگرن.